سروشت: ڕەچەتەیەکی نوێ بۆ تەندروستیی گشتی

سروشت پێناسەیەکی فراوانی هەیە و دەکرێت بەرکەوتن لەگەڵی ئاسانتر بێت لەوەی کە چاوەڕوانی دەکەین; لە ڕێی پەنجەرەیەکەوە بەڕووی ئاسماندا لە شوێنی کارەکەت، ئینجانەیەکی گوڵ لە چێشتخانەکەت، جریوەی چۆلەکەکان لە ڕێگادا، هەستکردن بە شنەی با و ئەو بۆنە خۆشەی گیای بەهاری کە لەگەڵ خۆیی دەهێنێت، لەمانەوە تا گەڕان بەناو درەخت و دەشتەکان و لای سەرچاوە ئاوییەکان و سەرکەوتن بەسەر شاخەکان..

دەکرێت سروشت بە هەموو ئەو ژینگەیەی دەوروبەری مرۆڤ پێناسە بکەین کە دەستکردی مرۆڤ نین، هەروەها ئەو ژینگە سروشتییانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن مرۆڤەوە دیزاین کراون و لە شوێنی ژیانکردنمان هەن.

ڕوبەری بەرکەوتن لەگەڵ سروشت بچوک بێت یان گەورە، ماوەی بەسەربردنی کات تیایدا کورت بێت یان درێژ، گرنگ ئەوەیە هەوڵ بدەین بە شێوەیەکی چالاک پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا دروست بکەین و بەردەوامی پێ بدەین، بەڵام بۆچی؟ توێژینەوەکان پێمان دەڵێن بەرکەوتن لەگەڵ سروشت پەیوەندیدارە بە تەندروستییەکی باشتر بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن، ڕەگەز، ئاستی خوێندن، باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و نەخۆشیی دریژخایەن.

بیردۆزی بایۆفیلیا باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان ویستێکی ناوەکی و بنەڕەتییان هەیە بۆ پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ سروشت و زیندەوەرانی تردا. بناغەیەکی بایۆلۆجی و بۆماوەیی لە ئێمەدا بوونی هەیە کە نائاگایانە ڕاماندەکێشێت بەرەو سروشت و وا دەکات لەم جیهانەی ئەمڕۆشدا بۆی بگەڕێینەوە.

کاریگەرییەکانی چین؟ بەسەر بردنی کات لە سروشتدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ  لە لەشدا، هێواش کردنەوەی لێدانی دڵ، بەرزکردنەوەی بەرگریی مرۆڤ، باشکردنی تەندروستیی دەروونی، باشبوونی چۆنێتیی نووستن، نزم بوونەوەی پەستانی خوێن و بەم شێوەیەش کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک و شەکرە. هەروەها یارمەتیی ماندووبوونی هزری و کەم سەرنجی دەدات لە توشبووانی شێرپەنجەدا کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن، و مەترسیی توشبوون بە نەخۆشیی ئەلزایمەر کەم دەکاتەوە.

نزیکی لە ڕووبەری سەوزایی دەکرێت ببێتە هاندەر بۆ چالاکیی جەستەیی لەرێی دابینکردنی بۆشاییەک بۆ بەڕێدا ڕۆشتن، ڕاکردن، لێخوڕینی پاسکیل و چالاکییەکانی تر لە منداڵان و پێگەیشتوواندا. توێژینەوەی نەخۆشخانەیەک دەریخستووە کە ئـەو نەخۆشانەی لە ژوورێکدا بوون کە لە پەنجەرەکەوە دیمەنێکی سروشتی هەبووە، پرۆسەی چاکبوونەوەی پاش نەشتەرگەرییان خێراتر بووە، دەرمانی ئازارشکێنی کەمتریان پێویست بووە و ماوەی مانەوەیان لە نەخۆشخانە کەمتر بووە.

لەگەڵ ئەوەی تەماشا کردن ڕێگە باوەکەی لێکۆڵینەوەیە لە سروشت، دەتوانین هەستەکانی تریشمان بەکاربهێنین; سەرنجدانی جوڵەی هەورەکان، دەستدان لە توێکڵی داری درەختێک، بۆنکردنی گوڵێک، هەست کردن بە خۆڵی ناو دەستمان کاتێک لە باخەکەماندا نەمامێک دەچێنین. دەکرێت چالاکیی وەک کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی جوڵە و وەرزشی لەگەڵدا تێکەڵ بکرێت تا ئەزموونەکە لە لایەنەکانی تریشەوە دەوڵەمەندتربێت.

لەگەڵ ئەم هەموو سوودەی کە سروشت پێمانی دەبەخشێت، پێویستە ئاڕاستەی سەرنجمان بگۆڕین لەوەوە کە تەنها شوێنێکی سەردانکردن هەڵبژێرین بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانین لە نزیکترین و بەردەستترین سەرچاوەکانی ڕۆژانەوە بە جوانییەکانی سروشت بگەین.