با بچینە سەر شارستانییەتە هاوچەرخەکان و کێ شایستەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی داهاتوو؟
١. شارستانییەتی ڕۆژئاوا: خاوەنی پێشکەوتنێکی زانستیی یەکجار گەورەیە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە وەهمییە، چونکە ئەو تەنها شارستانییەتێکی پێشکەوتووە نەک ژیارێکی ئەخلاقی، بەو پێیەی تەنها سیستمێکی دیموکراتیی و هێزێکی ئابووریی هەیە. لە کاتێکدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی دەبێتەوە، وەک هەڵوەشانەوەی بەهاکان و مەیلی تاکگەرایی لەڕادەبەدەر.
٢. چین: نموونەیەکی بەرجەستەی یەکانگیربوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز و گەشەسەندنێکی ئابووریی خێرایە، بەڵام لە بابەتی ئازادیی تاکەکەسی و داهێنانی درێژخایەندا تووشی تاقیکردنەوە دەبێتەوە. کە ئەمەش هۆکارێکە هەڕەشەی هەرەسهێنانی لێدەکات لە هەر کاتێکدا، چونکە جەختی لەسەر لایەنێک کردووەتەوە و لایەنەکەی تری پشتگوێ خستووە.
٣ . جیهانی ئیسلامی: خاوەنی سەرمایەیەکی ئەخلاقیی مەزن و بنکەیەکی دیمۆگرافیی نوێیە کە لە ژیان و ئاین تێدەگەن. بەڵام لە گۆڕینی بەهاکاندا بۆ شێوازێکی سیستماتیزەکراو تووشی ئاڵنگاریی دەبێتەوە، هەروەها پێویستە ململانێ ناوخۆییەکان تێبپەڕێنێت و وەبەرهێنان بکات لەو وزە و توانایانەی کە لەبەردەستدان، چ مرۆیی بن یان ماددی.
ئێستاش لە ڕێگەی لێکدانەوە و خوێندنەوەی مێژووەوە، دەکرێت هاوکێشەیەکی ڕوون دابڕێژین کە ناوی دەنێین هاوکێشەی شارستانییەتی بەردەوام: (ئەخلاقی سەقامگیر + دادپەروەریی سیاسی + زانستی پێشکەوتوو + مرۆڤی ڕێزلێگیراو + هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەوتندا = شارستانییەتی ڕاستەقینەی بەردەوام )
خوێنەری هێژا؛ ئەو شارستانییەتانەی لەسەر بنەمای ئەخلاق بنیاد دەنرێن تەمەنیان درێژ دەبێت ئەگەرچی دواش بکەون، بەڵام ئەوانەی لەسەر بنەمای ستەمکاری دادەمەزرێن هەرەس دەهێنن ئەگەرچی خێراش بن. مێژووش تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە پەردە لەسەر دەستوورە سروشتییەکانی خوداوەندی کردگار لا دەدات لە نێو کۆمەڵگەدا.
پرسیارەکەش بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا مرۆڤایەتی وانە لە پەندەکانی ڕابردوو وەردەگرێت بۆ ئەوەی شارستانییەتێکی مرۆیی دادپەروەر بنیاد بنێت، یان هەڵەکانی خۆی لە بەرگێکی نوێدا دووبارە دەکاتەوە؟
وتراوە کە شارستانییەت ئەوە نییە کە دەیبینین… بەڵکو ئەوەیە کە نایبینین. چونکە شارستانییەت تاوەرە بەرزەکان، ڕێگاوبانە قیرتاوکراوەکان و سوپا گەورە و بێشومارەکان نییە، بەڵکو ئەو کرۆکی ڕێزگرتنەیە لە مرۆڤ و ئەو کۆمەڵە بەهایەیە کە باڵادەستە بەسەر ڕەفتاری گشتیدا؛ بۆیە دادپەروەری، دەستپاکی و هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا کۆڵەکەکانی مانەوەین. ئیبن خەلدون ئەم بیرۆکەیەی کورت کردووەتەوە لە دەستەواژە نەمرەکەیدا کە دەڵێت : ( ستەم هەواڵدەری وێرانبوونی ئاوەدانییە. )
جیهانی ئەمڕۆ: کێ سەرکردایەتی دیمەنەکە دەکات؟ ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم چەند نموونەیەکی ڕکابەرین، ڕۆژئاوا خاوەنی زانست و دامەزراوەکانە، بەڵام ڕووبەڕووی قەیرانی مانا و بەهاکان بووەتەوە.چینیش نموونەی هێزێکی ڕێکخراو پێشکەش دەکات، بەڵام سنوورەکانی ئازادی و داهێنان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. جیهانی ئیسلامیش خاوەنی میراتێکی ئەخلاقیی مەزنە، بەڵام هێشتا نەیکردووەتە پڕۆژەیەکی شارستانیی گشتگیر.
پارادۆکسەکە ئەوەیە کە هەمووان خاوەنی بەشێکن لە هاوکێشەکە… بەڵام کەس خاوەنی تەواوی هاوکێشەکە نییە. هاوکێشەی شارستانییەتی داهاتوو لە خوێندنەوەیەکی هێمنانەی مێژووەوە دەکرێت لە هاوکێشەیەکی سادە و قووڵدا کورت بکرێتەوە:
شارستانییەت بەبێ ئەخلاق نابێت، ئەخلاق بەبێ سیستم نابێت و سیستم بەبێ دادپەروەری بوونی نابێت.
کەواتە ئەو شارستانییەتەی سەرکردایەتی داهاتوو دەکات ئەوە نیە کە تەنها لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزترینە، بەڵکو مرۆییترین، دادپەروەرترین و بەتواناترین دەبێت لە پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان هێز و بەهاکاندا و لە پێداویستییەکانی مرۆڤ و هۆکارەکانی پێشکەوتنی تێدەگات و ئازادیی بۆ دابین دەکات و کەرامەتی دەپارێزێت.










سەرنجێک بەجێبهێڵە