زۆربوونی کێشە و گرفتە خێزانییەکان لە ئێستادا، کە ڕێژەکەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەر بە وردی لێی بکۆڵینەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری و ناجێگیریی باری دەروونیی یەکێک لە لایەنەکان یاخود هەردوولا. من وەک پارێزەرێک، بەپێی ئەو کەیسانەی هاتوونەتە بەردەستم، کاتێک ورد دەبمەوە تێیاندا، دەبینم لە زۆربەی جاراندا کێشەکە نە مادییە و نە پەیوەندیی بە لایەنەکەی ترەوە هەیە، بەڵکو ئەو کەسە خۆی، بەهۆی ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە یاخود ئەو ڕەفتارانەی لە دایک و باوکییەوە بینیویەتی، تووشی ئەم دۆخە بووە؛ بۆ نموونە هەندێکیان باوکیان توندوتیژی بەرامبەر دایکیان کردووە، بۆیە ئەمیش لای بووە بە نەریت و دەیەوێت هەمان شت دووبارە بکاتەوە. بەڵام لە بەرامبەردا، هەندێکی تریان کاتێک ئەمەیان بەسەر هاتووە، لە ژیانی هاوسەرگیریی خۆیاندا هەرگیز دووبارەی ناکەنەوە، واتە نەیانکردووە بە گرێی دەروونی لە ناخی خۆیاندا.
لە ئێستادا، بەڵێ هۆکاری تریش هەن وەک ناپاکی و چەندین هۆکاری تر کە ئەوانیش ڕێژەیان زۆرە؛ ئەگەر لەوەش ورد ببینەوە، دەبینین ئەو کەسانەی ناپاکی دەکەن، ئەو ڕەفتارەشیان بۆ باری دەروونی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو کەسانەی ناپاکی دەکەن متمانەیان بە خۆیان نییە و هەست بە کەموکوڕی دەکەن، پێیان وایە ئەو کەموکوڕی و غروورە ناڕاستەیان بەو کردارە نامرۆڤانەیە پڕ دەکەنەوە. ئەگەر مرۆڤێک متمانەی بە خۆی هەبێت و خاوەن کەسایەتییەکی تەندروست بێت، لەو کارە نامرۆڤانەیە دوور دەکەوێتەوە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: پێویستە ڕێکارەکانی گرێبەستی هاوسەرگیری بە شێوازێکی تر بن؛ پشکنینی دەروونی و جەستەیی وردیان تێدابێت، نەک تەنها دوو پشکنینی ساکاری وەک هەوکردن یان ڤایرۆس. پێویستە پڕۆسەکە بە چەند فلتەرێکی تردا تێپەڕێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەموو ڕێژەی جیابوونەوەیە و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست.









سەرنجێک بەجێبهێڵە