نالی فەرموویەتی:
کەس بە ئەلفازم [بێژەم] نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی [پەیوەستی] مەعنا [واتا] دەکا
من شێت نیم، بەڵام سەرمەستانە عاشقی زمانی کوردیم.
من دەنووسم و دەخوێنمەوە بە زمانی کوردی نەک بۆ ئەوەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی نیشان بدەم، بەڵکو بۆ ئەوەی کە زمانێکی تر باڵاتر نەکەم بەسەر زمانەکەمدا. بەداخم کە لێرە و لەوێ تێکەڵەیەک لە کوردینگلیزی [کوردییەک بە هەوێنی ئینگلیزی] دەبیستم لەناو نەوە نوێیەکانماندا؛ مەگەر دەبێت گلەیی و گازندەکانمان ئاڕاستەی خێزان یان ناوەندی خوێندن یان کۆمەڵگە یان حکومەت بکەین؟!
دەزانیت بەهێزترین هێزی نەرم لە جیهانی هاوچەرخ چییە؟ هێزی زمانی دایکە. واتە، بۆ ئەوەی لە هەر نەتەوەیەک بدەیت و بیڕوخێنیت لە پەروەردە و دادیەوە دەست پێبکە. داگیرکارییەکانی سەدەکانی پێشوو بە زوڵم و زۆر و هێزی چەک و بە کۆیلەکردن بووە، بەڵام ئێستا داگیرکاری بووە بە داگیرکردنی زمان و شوناس و ناسنامە. بە هەژەندی مەبیستە، بەڵام تۆ دەزانیت کە زمانی مەندەرینی چینی زۆرترین قسەکەری هەیە وەک زمانی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان، کە ٩٤٠ ملیۆن کەس قسەی پێدەکات. هەرچەندە، ئەگەر وەک زمان مامەڵەی لەگەڵ بکەیت تەنها ١.١٨ ملیار کەس قسەی پێدەکات کە بە پلەی دووەم دێت؛ لە کاتێکدا زمانی ئینگلیزی بە پلەی یەکەم دێت کە ١.٥ ملیار قسەکەری هەیە لە سەرانسەری دونیا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنها ٣٨٠ ملیۆن کەس قسەکەری زمانی ئینگلیزین وەک زمانی دایک لە سەرانسەری دونیا.
دەی ئێستا با پرسیارێک لە خۆمان بکەین، کامەی گرنگترە لە ژیانی ڕۆژانەماندا و بۆ خوێندن و کار و پیشە؟ چینی یان ئینگلیزی؟! ڕاستە کە وتراوە، مرۆڤی زمانزان مرۆڤی فرە ناسنامەیە. تەنها ئەوە بزانە کە ناسنامەی بنچینەیی و سەرمایە و سامانی تۆ و نەتەوەکەشت زمانەکەتە.
بۆچی ئەم باسە؟ چونکە، لە ئێستای دونیای پێشکەوتووخواز و نوێگەردا گەنج و لاوەکانمان لەلایان وایە لە ڕستەیەکی ٥ وشەیی دەبێت ٢ بۆ ٣ وشەی ئینگلیزی بێت بۆ ئەوەی بەها بدرێت بە قسە و باسەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە وێڵن بە دوای وشە کوردییەکەدا و یەکسەر گلەیی نەبوونی وشەکە دەکەن لە زمانی دایکیاندا. کارەساتەکە ئەوەیە کە بەکارهێنانی زمانی بێگانە لەبری زمانی دایک یان لەناو زمانی دایک بووە بە باو و وەهای لێهاتووە کە نەنگی و لاوازییە بەکارهێنانی زمانی دایک لە کاتی گفتوگۆی بابەتێکی گەنجانە و لە نێوان خوێندکارانی زانکۆ و ناوەندی و دواناوەندی. هەر ئەوەشە لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا دەبینین خوێندکاران تاوەک ڕستەیەکی کوردی قسە دەکەن سێ بۆ چوار ڕستەی ئینگلیزی بەکاردەهێنن، کاتێکیش سەیری پەڕە فەرمییەکەیان دەکەین یان هەستی نیشتیمان پەروەرییان دەبزوێنین یەکسەر دەڵێن ٢+٢=١.
ئەی ئەگەر بێینە سەر هەڵەی ڕێنووس و پیتچن و خاڵبەندی تاوەک کارەساتە خولقێنراوەکانی ناو وەرگێڕان و لەوێشەوە بۆ تەختەناوەکانی سەر دووکان و شوێنە گشتییەکان تاوەک ناوەندە فەرمییەکانی حکومەت و بەرەو نوووسراوە فەرمییەکانی ناو دەزگا حکومییەکان.
من زۆرینەی کاتەکان کاتێک هەڵەیەکی ڕێنووس یان وشەیەک ڕاست دەکەمەوە بە تێچێنێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی هەر ماوەی چەند کاژێڕێکە و دەسڕدرێتەوە لەلایەن خاوەنی ئەو پەڕەیەوە وەک ئەوەی من لە ناحەزی و دوژمنایەتی نووسیبێتم.
با ڕۆڵەکانی داهاتوومان گلەیی ئەوەمان لێنەکەن کە بۆچی ڕاستاندنمان نەکرد و ئەو بابەتەمان نەوروژاند، من لێرەوە دەستم پێکرد و تۆش دەستپێبکە.
بە کوردی بئاخفێ، بە کوردی قسەبکە، بە کوردی گفتوگۆ بکە، بە کوردی بنووسە، بە کوردی بیربکەرەوە، وشەی کوردی بەکاربهێنە و وشەکان بە دەنگی کوردی دەرببڕە. زمانی کوردیت بپارێزە و زمانی کوردی بە زیندوویی بهێڵەرەوە. واز لە تەواوی گلەییەکانی نەبوونی زمانێکی هاوتا بهێنە، هیچ نەبێت ئەمەی هەیە مەیپوکێنەرەوە و بە زیندوویی بیهێڵەرەوە. زمانی ناوچەکەت بپارێزە، کوردستان دەپارێزیت.
ئەوەش بزانە کە من ئەم باسە دەکەم ئەوە نیە کە وابزانیت جگەلە زمانی کوردی زمانێکی تر لە فەرهەنگۆکی مێشکمدا نیە؛ لەپاڵ زمانی دایکم، سێ زمانی تری وەک زمانی دایک دەزانم و دوو زمانی تریش بە ئاستی سەرەتایی دەزانم؛ جگەلەوەی کە پسپۆری وردم لە زمان و زمانەوانی ئینگلیزی و دکتۆرام لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە. بەڵام، هیچکات زمانی شیرینی کوردی ناگۆڕمەوە بە هیچ زمانێکی تری سەر ئەم زەوییە و کە بە زمانی دایکم ئاخاوتن دەکەم هەوڵ دەدەم هیچ وشەیەکی زمانی تری تێکەڵ نەکەم. من ئەرین ئەحمەد محەمەدم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە زمانی ئینگلیزی. ئەوانەشی کە دەمناسن با شایەتی ئەوەم بۆ بدەن.
تۆش بمێنیت بە خێر!









سەرنجێک بەجێبهێڵە