پاڤلۆڤ کارئەندامناسێکی ڕووسی بوو، دۆزەرەوەی مەرجداری کلاسیکی (classical conditioning) بوو. تاقیکردنەوەکەی تەنها لە سەر یەک سەگ نەبوو بەڵکو لە نێو تاقیگەکەیدا دەیان سەگی بە ناوەکانی ( بیرکا، جۆی، میلکا، تونگەس، ئیکار، تۆی، ڕوسیان، سوڵتان، درۆزۆک، بۆی، موڕاشکا، ژوچکە، بێکزۆلۆتۆسی و میلکا) و چەندینی دیکەی بەکارهێنا. بەهۆی ئەم دۆزینەوە بە نرخەوە لە ساڵی ١٩٠٤ خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا.
لە تاقیکردنەوەکەدا؛ هەر کات خواردنی بۆ سەگەکەی دابنایە، لە گەڵیدا زەنگێکیشی لێ دەدا. بە تێپەڕبونی کات و چەندبارەبوونەوەی ئەم پەیوەستکردنە ئیتر بە بێ دانانی خواردن و تەنها بە لێدانی زەنگەکە سەگەکە لیکی دەڕژاند. لەم ڕێگایەوە گەیشت بەو ئەنجامەی کە دەشێت کە تەنها لە ڕێگای پەیوەندارییەوە شتێکی بێلایەن بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ هەمان کاریگەری ئەو شتەی هەبێ کە بکەرە ڕاستەوخۆ و سەرەکییەکەیە. ئەم پەیوەستبونەی ناونا (مەرجداریی کلاسیکیی)، مەرجەکەش مەرجی پەیوەستبون و پەیوەندیدارییە
درکپێکردن بەم کارئەندامزانینە، تێگەیشتنێکی زۆر بناغەیی و پێویستە تا هاوکاریمان بکات لەوە بەئاگابینەوە کە زۆرێک لە فێربونەکانمان وەک ڕەفتار و پەروەردە و کەلتورمان ئەوەندە خۆڕسک و سروشتین کە بە بەربڵاویی لە دەرەوەی بڕیاردانی دروست و بیرکردنەوەکانی خۆماندان، واتا بە کورتیی و بە دیوێکی دیکەدا جگە لە پەرچەکردار شتێکی ئەو تۆ و بە نرخی دیکە نین ، چونکە زۆرێک لە پەرچەکردارەکان نەک بە تەنها لە نێو شیردەرەکانی دیکەشدا هەیە بەڵکو لە بونەوەرە سەرەتاییەکانی وەک خشۆکەکانیشدا هەیە و گوناهێکی بێسنورە بە هەر پاڵنەر و بیانویەکی وەک خێڵەکیی، کەلتوریی، نەژادیی، ئاینیی بێت مرۆڤەکان خۆیان بۆ ئەو ئاستانە دابەزێنن
بۆ نمونە؛ زۆرێک لەو شتانەی کە بوون بە خوو و ڕۆژانە ئەنجامیان دەدەین؛ چا-قاوە خواردنەوە لە بەیانیاندا چونکە لە پێشووتردا ئەو پەیوەندیداربوونەمان ئەزموون کردووە. یاخود ئەگەر جارێک لە جاران لە ناو ئاودا ئەزمونێکی خنکان یا ترساندنمان بینیبێت ئەوا ئیتر لە بەنداو و ڕوبار و دەریاکان سڵ دەکەینەوە. بەهەمان شێوە بۆ زۆرێک لەو گیاندارانەی کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بە تەنها یەکێکیشیان پەلاماریان دابین ئیتر بۆ هەمیشە ئێمە سڵ لە هەموو تاکەکانی ئەو گیاندارە دەکەینەوە.هەروەک چۆن لە مێژووشەوە دەبیستین کە لە ڕابردوودا ڕۆژانێک سەربازەکانی ڕژێمی بەغداد کە لە نەژادی عەرەب بوون بێڕێزیان بەرامبەر بە کورد کردووە ئیتر ئوتۆماتیکی تۆ ترست تا ڕادەی ڕقلێبوونەوە لە هەموو عەرەبێک دەبێتەوە
ئیتر بۆ زۆرێک لە شتەکانی دیکەی وەک لایەنە سۆزدارییەکانیش هەمان شتە، بوونی یادەوەرییەکی خۆش و جوان لە گەڵ شت و بۆنێکدا ئیتر لە گەڵ هاوشێوە و هاوتوخمەکانی ئەو شتانەدا تا ڕادەیەک بە کەیف و دڵخۆشت ئەکات کە دوور نیە بە ئاسانی هەڵبخەڵەتێنرێیت و ناپاکیشت لە گەڵدا بکرێت. تاکە ڕێگا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەرچەکردارە زۆر سەرەتاییە کە کاریگەرییەکی بێشوماری لە سەر ژیانی ڕۆژانە و چارەنوسمان هەیە ئەوەیە کە بە پێی پێویست برەوێکی دروست بە (ئاگایی)مان بدەین









سەرنجێک بەجێبهێڵە