مستەفا ئیبراهیم ئەمین زەڵمی یەکێکە لە دیارترین زانا و بیرمەندە ئیسلامییە کوردەکان لە سەردەمی نوێدا، خاوەنی پێگەیەکی زانستی و فیکریی بەرز بووە کە وای کردووە ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە بوارەکانی شەریعەت، یاسا و فەلسەفەدا. لە گوندی زەڵمی سەر بە قەزای خورماڵ لە ناوچەی هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەدایکبووە، تۆمارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵی لەدایکبوونی ١٩٢٤ بووە، لە کاتێکدا هەندێک گێڕانەوەی ناوخۆیی باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٢٠ لەدایکبووە. لە ژینگەیەکی ئایینیی کلاسیکیدا گەورە بوو، ئەم کەشوهەوایەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێکهاتەی زانستیی هەبووە لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، چونکە هەر لە منداڵییەوە دەرفەتی خوێندنی ئایینی بۆ ڕەخساوە.
زەڵمی خوێندنی لە حوجرە ئایینییەکانی کوردستان دەستپێکرد و زانستە ئایینی و زمانەوانییە بنەڕەتییەکانی وەک نەحو، سەرف، ڕەوانبێژی و لۆژیکی خوێندووە لەگەڵ فقهـ و ئوسوڵەکەی، هەروەها قووڵبووەوە لە خوێندنی فەلسەفە و هەندێک لە زانستە عەقڵییەکان. لەسەر دەستی ژمارەیەک لە گەورە زانایانی کوردستان خوێندوویەتی، لەوانە: مەلا عارف بێر، مەلا باقری بالک، مەلا حەمە ئەمین، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و چەندینی تر. دوای ساڵانێک لە خوێندن لە ساڵی ١٩٤٦ ئیجازەی زانستی وەردەگرێت کە بڕوانامەیەکی باوی ئەو سەردەمە بووە و ڕێگەی پێ دەدات وانە بڵێتەوە و فەتوا بدات.
دوای وەرگرتنی ئیجازە، زەڵمی دەست دەکات بە وانەوتنەوە لە مزگەوت و قوتابخانە ئایینییەکاندا و زانستە شەرعی و زمانەوانییەکانی بە قوتابیان دەگوتەوە، تا ساڵی ١٩٥٥ لەم بوارەدا بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا وەک پێشنوێژ و وتارخوێن لە سوپای عێراقدا تا ساڵی ١٩٧٢ کاری کردووە، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساند کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەبێت.
زەڵمی تەنها بە خوێندنی ئەو کاتی حوجرە نەوەستا، بەڵکو ڕووی لە خوێندنی ئەکادیمی نوێ کرد، بەشداری لە تاقیکردنەوە دەرەکییەکاندا کرد و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو کرد، پاشان لە ساڵی ١٩٥٩ قۆناغی ئامادەیی لە بەغدا بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. لە ساڵی ١٩٦٠ چووە کۆلێژی یاسا لە زانکۆی بەغدا و لە ساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێنا. دواتر بەردەوام بوو لە خوێندنی باڵا و لە ساڵی ١٩٦٩ بڕوانامەی ماستەری لە شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغدا وەرگرت، پاشان لە ساڵی ١٩٧١ ماستەری لە فیقهی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزهەر و لە ساڵی ١٩٧٣ ماستەرێکی تری لە یاسا لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێنا.
لە ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی دکتۆرای لە فیقهی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزهەر بە پلەی شەرەف وەرگرت، کە یەکێکە لە بەرزترین پلە زانستییەکان لە بواری پسپۆڕییەکەیدا بەدەستیهێنابێت. دوای ساڵانێکی زۆر لە کاری ئەکادیمی، لە ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەیەکی تری دکتۆرای لە یاسادا لە زانکۆی بەغداد بە پلەی نایاب بەدەستهێنا ئەمەش نیشاندەری بەردەوامیی ئەو بوو لە توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی خودی خۆی تا قۆناغەکانی کۆتایی ژیانی.
زەڵمی لە ساڵی ١٩٧٦ دەستی بە وانەوتنەوە کرد لە زانکۆدا و تا ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بوو، پلە زانستییەکانی بڕی تا نازناوی مامۆستای کارامەی (پ) بەدەستهێنا. لەم ماوەیەدا سەرپەرشتی زیاتر لە سەد نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای لە بوارەکانی شەریعەت، یاسا و فەلسەفە کردووە و بەشدار بووە لە پێگەیاندنی نەوەیەک لە توێژەران و زانایان.
سەبارەت بە بەرهەمە زانستییەکانی، زۆر و هەمەچەشن بوون، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی نووسیوە کە بابەتە جیاوازەکانی فیقهـ، ئوسوڵ، یاسا و فەلسەفە لەخۆگرتووە، لەوانە: گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە شەریعەتی ئیسلامیدا، بنەمای شەرعییەت، بنەمای بەرپرسیارێتی تاوانکاری، پرەنسیپی کەسیبوونی تاوان، وزەی ڕۆحی و شارستانییەت، مافەکانی مرۆڤ لە ئیسلامدا، لۆژیکی یاسایی، وەسیەتەکانی جەنگ لە ئیسلامدا، تەشریعی ئیسلامی، تێبینییەکان لەسەر یاسای باری کەسیی عێراقی، مامەڵەکردن لەگەڵ جیناتی مرۆڤ لە شەریعەت و یاسادا، پەیوەندی نێوان شەریعەت و یاسا، و پۆلێنکردنی شەرعی و یاسایی بۆ پرۆسە جیاوازەکان.
جگە لەم توێژینەوانە، زەڵمی ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە بوارە جیاوازەکاندا نووسیوە، بەرهەمەکانی لە کۆبەرهەمێکی گەورەدا بەناوی (الکامل فی الشریعة والقانون) لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاوکرانەوە، کە پەنجا کتێب لەخۆدەگرێت و دابەشکراوە بەسەر بیست و چوار بەرگدا . ئەم کۆبەرهەمە باس لە بابەتگەلێکی فراوان دەکات وەک ئوسوڵی فیقهـ، هۆکارەکانی جیاوازیی فەقیهەکان، ئاماژەی دەقەکان، تیۆری پابەندبوون، بەرپرسیارێتی تاوانکاری، فەلسەفەی یاسا، باری کەسی، یاساکانی هاوسەرگیری و تەڵاق، دەروازەی شەریعەتی ئیسلامی، فەلسەفەی شەریعەت، جگە لە کۆمەڵێک توێژینەوەی یاسایی، کۆمەڵایەتی و پزیشکی.
زەڵمی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە جیادەکرایەوە، چونکە تەنها بە وەرگرتنی ڕای زانایانی پێشوو نەدەوەستا بەڵکو گفتوگۆی دەکردن و ڕەخنەی لێدەگرتن و بەپێی میتۆدێکی زانستی کە پشت بە بەڵگە شەرعی و عەقڵییەکان دەبەستێت، پێداچوونەوەی بۆ دەکردن. داوای نوێکردنەوەی فیقهی ئیسلامیی دەکرد بۆ ئەوەی بتوانێت هاوشانی پێشکەوتنەکانی سەردەم بێت، جەختی لەوە دەکردەوە کە پێویستە فیقهـ نوێ و زیندوو بێت و وەڵامدەرەوەی ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و یاساییە هاوچەرخەکان بێت.
هەروەها بەوە ناسرابوو کە بە بوێری بیروڕاکانی دەخستنە ڕوو، پرسە هەستیارەکانی تاوتوێ دەکرد و ئیجتیهادی نوێی تێدا پێشکەش دەکردن، بە پشتبەستن بە تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ دەقە شەرعییەکان و مەبەستەکانیان. باوەڕی وابوو کە ئیجتیهاد پێویستییە بۆ نوێکردنەوەی هزری ئایینی، و لاساییکردنەوەی کوێرانە دەبێتە هۆی وەستانی فیکر و دواکەوتنی کۆمەڵگەکان.
زەڵمی بەشداری لە ژمارەیەک لێژنەی یاسایی و دەستووریدا کردووە، بەشداری لە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاساکان و پێداچوونەوە بە هەندێک یاسادا کردووە، وەک پڕۆژەی یاسای شارستانیی عێراق، یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی و دەستووری عێراق. هەروەها لە ژمارەیەک کۆنفڕانسی زانستی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەشدار بووە، لەوانە کۆنفڕانسی زانایانی کۆمەڵناسی، کۆنفڕانسی یاسایی و پزیشکی، و کۆنفڕانسەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.
زەڵمی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە وەک سوپاسگوزارییەک بۆ کارە زانستییەکانی، لەوانە خەڵاتی مامۆستای لێهاتوو لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٥، خەڵاتی مامۆستای لێهاتوو لە سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ١٩٩٣، خەڵاتی بەرهەمی زانستی لە ساڵی ١٩٩٣، خەڵاتێکی زانکۆی نەهرێن لە ساڵی ١٩٩٥، جگە لە چەندین قەڵغان و بڕوانامەی ڕێزلێنان. هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لە ساڵی ٢٠١٥ پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە زانستییەکانی.
لەسەر ئاستی کەسیی، زەڵمی بە خاکیبوون و سادەیی دەناسرایەوە، لە خوێندکارەکانی و خەڵکی ئاساییەوە نزیک بوو، بە خۆشەویستی بۆ زانست و پەرۆشی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری جیادەکرایەوە.هەروەها ژیانێکی دوور لە دەوڵەمەندی و ڕازاوەیی بەسەر برد و هەوڵەکانی بۆ زانست و توێژینەوە تەرخان دەکرد. هەروەها خاوەن بۆچوونی سەربەخۆی خۆی بوو، چونکە پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی یان ئایینی نەبوو، بەڵکو ڕا و هەڵوێستەکانی خۆی دەپاراست تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەشدا.
کەسایەتیی ئەو بە پابەندبوونی زانستی و وردی لە توێژینەوەدا ناسرابوو، پشتی بە لێکۆڵینەوەی زانستی و پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەکان دەبەست، و پەرۆش بوو بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوەی ورد و قووڵ لەسەر بنەمای بەڵگەکان. لە کەسایەتیی خۆیدا ڕەسەنایەتیی ئایینی و کرانەوە بەسەر فیکری نوێدا کۆکردبۆوە، ئەمەش وای لێکرد ببێتە نموونەیەکی ناوازە لە فیکری ئیسلامیی کوردیی هاوچەرخدا.
مستەفا ئیبراهیم ئەمین زەڵمی لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد، لە تەمەنی نەوەد و یەک ساڵیدا، میراتێکی زانستی و هزریی گەورەی لە دوای خۆی جێهێشت کە پێکهاتووە لە نووسین و توێژینەوە و بیروبۆچوونەکانی کە تا ئێستاش ماددەیەکی دەوڵەمەندن بۆ خوێندن و توێژینەوە.
کەسایەتیی مستەفا زەڵمی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی فیکری و زانستی دەناسرایەوە کە لە زانایانی تر جیای دەکردەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە هۆشیاریی ڕەخنەگرانە، چونکە لە نێوان قووڵی پێکهاتەی کەلەپووری و کرانەوە بەسەر لێکۆڵینەوە نوێیەکاندا کۆی کردبۆوە، تەنها بە گواستنەوەی ڕاکان یان لاساییکردنەوەی پێشینان نەدەوەستا بەڵکو هەوڵی شیکردنەوە و ڕەخنەگرتن و گەڕان بەدوای مەبەست و بنەماکانیاندا دەدا. ئەم هۆشیارییە وای لێکرد لە مەیدانی زانستیدا ئامادە بێت و بەشداری لە گفتوگۆ فیکری و فیقهییەکاندا بکات، لە ناو زانکۆکان و دەرەوەیاندا.
هەروەها خاوەنی دیدێکی عەقڵانیی ڕوون بوو، کە لە بانگەشەکردنی بۆ چاکسازی لە گوتاری ئایینی و نەهێشتنی ئەو تەفسیرە گواستراوانەی کە پشت بە بەڵگەیەکی بڕاوە یان عەقڵێکی سەلیم نابەستن ڕەنگی دایەوە، باوەڕی وابوو کە پێویستە فیقهـ نوێ بێت و هاوشانی پێویستییەکانی سەردەم بێت، و دەقە شەرعییەکان دەبێت لەژێر ڕۆشنایی واقیع و گۆڕانکارییەکانیدا هەڵبسەنگێنین. لێرەوە بانگەشە بەردەوامەکانی بۆ ئیجتیهاد و ڕەتکردنەوەی چەقبەستوویی هاتنە مەیدان بەو پێیەی فیقهی مرۆیی پێویستی بە پێداچوونەوەی هەمیشەیی هەیە.
یەکێکی تر لە دیارترین سیفەتەکانی، بانگەشەکردن بوو بۆ میانڕەوی، چونکە کاری دەکرد بۆ چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، و جەختی دەکردەوە کە ئیسلام داوای ڕەحمەت و دادپەروەری دەکات، و مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێت بەبێ گوێدانە شوناسیی. هەروەها یەکێک بوو لە بەرگریکاران لە مافەکانی ژنان، بەتایبەتی لە هەندێک پرسی فیقهییدا کە بە دیدێکی نوێوە باسی لێوە کردوون.
نوێگەری بە یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی کەسایەتیی ئەو دادەنرێت، چونکە هەوڵی دەدا فیقهـ لە چەقبەستوویی کلاسیکی و داخراوی مەزهەبی ڕزگار بکات، لەسەر بنەما ئەسڵەکانی شەریعەت و مەبەستە گەورەکانی. پێداچوونەوەی بۆ زۆرێک لە بۆچوونە فیقهییەکان دەکرد و ئیجتیهادی نوێی پێشکەش دەکرد کە لەگەڵ بارودۆخی سەردەم بگونجێت، هەروەها هەوڵی دەدا زانستی ئوسوڵی فیقهـ بە شێواز و ڕێکخستنی نوێ پەرە پێ بدات.
هەروەها بەوە دەناسرایەوە پابەندبوونێکی زۆری زانستییانەی هەبوو چونکە پشتی بە لێکۆڵینەوەی وردی بەڵگەکان دەبەست، و پەرۆش بوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەکانی، و توێژینەوەی لەسەر بنەمای زانستیی پتەو پێشکەش دەکرد. بە وردی لە بەڵگەهێنانەوە و گرنگیدان بە وردەکارییەکان ناسرابوو، ئەمەش وای لێکرد کارەکانی بەهایەکی زانستیی گەورەیان هەبێت.
لە سیفەتە دیارەکانی کەسایەتیی ئەو، سەربەخۆیی بوو لە فیکر و هەڵوێستدا، چونکە پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی یان ئایینی نەبوو، بەڵکو بیروبۆچوونەکانی خۆی دەپاراست، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی ڕەوتی باویش بوایە. ناسرابوو بەوەی لە پرسە زانستییەکاندا ڕوپامایی نەدەکرد، و پابەند بوو بەوەی کە بە هەقی دەزانی.
هەروەها بە بوێری لە خستنەڕووی ڕاکان ناسرابوو، چونکە پرسە هەستیارەکانی تاوتوێ دەکرد و ئیجتیهادی بوێرانەی تێدا پێشکەش دەکردن، وەک هەندێک لە ڕاکانی لە پرسە فیقهییە هاوچەرخەکاندا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گفتوگۆی فراوان لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا، لە نێوان لایەنگر و دژبەردا، بەڵام ئەو لەسەر میتۆدە زانستییەکەی خۆی جێگیر مایەوە.
سەبارەت بە شوناس، زەڵمی نوێنەرایەتی نموونەیەک بوو بۆ ئاوێتەبوونی شوناسی کوردی و ئیسلامی، چونکە لە نێوان نەتەوەییبوونی کوردی و ئیسلامیبوونی خۆیدا کۆی کردبۆوە، و هەوڵی دەدا چوارچێوەیەکی هاوسەنگی و میانڕەوی لە نێوانیاندا بگونجێنێت. بەم دیدگایە بەشداریدەکرد لە دەوڵەمەندکردنی فیکری ئیسلامی، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی دۆزە نەتەوەییەکەی، و داوای مافە کولتووری و ئایینییەکانی دەکرد لە چوارچێوەی دادپەروەری و مرۆڤایەتیدا.
ئەم تایبەتمەندییانە پێکەوە سیمای کەسایەتییەکی زانستی و فیکریی ناوازەیان پێکدەهێنا، کە مستەفا زەڵمییان کردە یەکێک لە دیارترین ڕەمزەکانی فیکری ئیسلامیی کوردیی هاوچەرخ.







سەرنجێک بەجێبهێڵە