ژیانی مەولەوی
ناوی تەواوی (مەولەوی تاوگۆزی) یان (مەولەوی کورد) سەیید عەبدوڕڕەحیمی کوڕی مەلا سەعیدەو ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر زانای ئایینی گەورەی کوردستان و جیهانی ئیسلامی (مەلا ئەبوبەکری موسەننیفی چۆڕی) کە ئەویش ئەگەڕێتەوە سەر خوداناس و زانای ئایینی بەناوبانگ (سەیید موحەممەد زاهید) کە بە (پیر خدری شاهۆ) بەناوبانگە. سەیید عەبدوڕڕەحیمیش، کە لەناو خەڵکدا بە (مەولەوی) و لە شیعردا بە (مەعدووم) یان (مەعدوومی) ناسراوە، لە ساڵی (١٢٢١)ی کۆچی کە دەکاتە (١٨٠٦ز) لە گوندی (سەرشاتە) لە ناوچەی (تاوگۆزی) لە ناو خێزانێکی ئاینپەروەر لە دایک بووە، لای باوکی قورئانی پیرۆز و وردە کتێبەکانی مەنهەجی حوجرەی خوێندووە، پاشان بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن ڕووی لە چەند شارو ناوچەیەکی کوردستان کردووە وەک سلێمانی و هەڵەبجە و جوانڕۆ و سنە، دواجار لە سلێمانی لە خزمەتی مەلا (عەبدوڕڕەحمانی نۆدشەی)یدا مۆڵەت یان ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە (١) . هەروەها ئیجازەی بوون بە خەلیفەی ڕێبازی نەقشبەندیی – کە یەکێکە لە ڕێبازە ناسراوەکانی سۆفیگەریی – لەلایەن شێخ (عوسمانی سیراجەددینی یەکەم)ەوە پێ دراوە(٢).
مەولەوی بەهرەوەرێکی بلیمەت و زانایەکی زۆر پایەبەرز بووە و لەناو خەڵکیشدا زۆر خۆشەویست بووە، توانیویەتی گرێ کوێرەکانی ژیان بکاتەوە، خەڵک لە کێشەی کۆمەڵایەتی و هەراوهۆریا ڕزگار بکات. لەناو زانا ئایینەکانی سەردەمەکەشیدا هەر ناکۆکییەکی زانستی هەبووبێت، بۆ چارەکردنی پەنجە بۆ مەولەوی درێژ کراوە و قسەکانیشى لەلایەن حەق و لایەنی ناحەقەوە ڕێزی لێگیراوە، کاتێک مەولەوی بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە، هەردوولا بێدەنگ بوون، چونکە قسەو فەتوای ئەو خەتمی کەلام و حوججەی سەردەمی خۆی بووە(٣) .
بەرهەمەکانی مەولەوی
مەولەوی جگە لە دیوانەکەی کە بەشێوە زاری گۆرانە، خاوەنی چەند بەرهەمێکە کە ناوى هەندێکیانى دەزانین و بەشێوەزاری کرمانجی خواروو، زمانی عەرەبی و زمانی فارسی نوسیونی. ناوی هەندێکی دیکەیان نازانین، چونکە بەهۆی سوتانی کتێبخانەکەیەوە لە ڕووداوێکی نەخوازراودا بوون بە خۆراکی ئاگر. ئەو بەرهەمانەی مەولەوی کە ناویان دەزانین و زۆربەیان چاپکراون، بریتین لە(٤):
- العقیدة المرضية، بەشێوەزاری کرمانجی خواروو، شێوازی گۆکردنی خەڵکی ناوچەی تاوگۆزی نووسراوە، زیاتر لە دوو هەزار دێڕە شیعرە، کتێبەکە لە ژێر ڕۆشنایی بیروباوەڕی (ئەشعەری) نووسراوە، سەبارەت بە (بنەما و لقەکانی)ی ئایینی ئیسلام دەدوێت، هەندک بابەتی لاوەکی (زانستی کەلام)یشی تێدایە.
- الفضيلة، کتێبێکە لەبواری ئوسوڵی ئایینی ئیسلامە، کە مەولەوی بەزمانێکی عەرەبی زۆر ئاستبەرز نووسیویەتی و لە (٢٠٣١) بەیتی شیعر پێکدێت.
- الفوائح، بەزمانی فارسی نوسراوە، ناوەرۆکەکەی سەبارەت بە بیروباوەڕی مسوڵمانانە.
- خاطرات مولوي، ئەم کتێبە چاپ نەکراوە، دەگوترێت تا ساڵەکانی ژیانی شێخ (نەجمەدینی نەقشبەندی) لە خانەقای بیارەدا بەردەست بووە، شتی زۆر بەسوودی تیادا بووە، بەڵام بەدەست ئێمە نەگەشتووە.
- زوبدەی عەقیدە، ئەمەش هەر لەبارەی بیروباوەڕی ئیسلامەوەیە، زیاتر باس لە یەکتایی خوداو سیفەتەکانی دەکات، کاتی خۆی لەهەندێک لە حوجرەکانی کوردستاندا خوێنراوە.
- نامیلەکەیەک لەبارەی ڕاستی و دروستی (الرابطة) بە فارسی نووسیویەتی کە یەکێکە لە ڕەوییەکانی ڕێبازی نەقشبەندی.
- عەقیدەی مەولەوی، کە نامیلکەیەکە و لە (١١٠) بەیت شیعر پێکدێت و بە شێوەزاری کرمانجی خواروو نووسراوە، لەڕووی دیالێکت و شێوەی دەستپێکردن و دانانەوە، وەک ڕۆحی (العقیدة المرضية) وایە، بەڵام زۆر سادەیە، بەیتەکانی بە کوردییەکی بێ قۆرت و بێ گرێ و گۆڵ هۆنراونەتەوە و بۆ منداڵانی کورد نووسراوە، بەپێچەوانەی عەقیدەی مەرزییەوە کە بەشێوەیەکی تایبەت نووسراوە و مەلاو خوێندەواری باشی دەوێت لێی تێبگات. ئەم نامیلکەى مەولەوی لەساڵی ٢٠٢٤ بەناونیشانی (عەقیدەنامەی کوردی بە کورتی) چاپکراوە (٥).
مەولەوی دوای ئەو ژیانەی کە بە هەژاری و سەربەرزی بەڕێی کردووە وتیایدا خزمەتێکی بێ وێنەی بە ئەدەبی کوردی و زانستە ئیسلامییەکان کردووە و لەو بوارەشدا چەند بەرهەمێکی بۆ بەجێهێشتووین، لە ساڵی (١٣٠٠ک) بەرانبەر (١٨٨٢ز) ژیانئاوایی کردووە و لە گۆڕستانی (ئەسحابە) لە دامێنی گوندەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە (٦).
سەرچاوە و پەراوێزەکان
- ئەم بابەتە سەرەتای توێژینەوەیەکی فراوانە کە بەناونیشانێکی دیکە نووسراوە .
- مەلا عبدالکەریمی مدرس، ١٣٧٨، دیوانی مەولەوی، سنندج: انتشارات کردستان، ل ١٥.
- ئازاد عەبدولواحید، ١٩٩٧، بەڵگەنامەیەکی نوێ، لەبارەی باوەڕنامەی خەلیفەیەتی (مەولەوی)، ژمارە (١٤)، ٢٥ی ئاب، ل ٣١.
- محمد امین حبیب،١٩٨٩، گەشتێک بە ئاسۆی خەیاڵی مەولەوی دا، میهرەجانی مەولەوی، کتێبی ژمارە (١)ی گۆڤاری (ڕۆشنبیرى نوێ) ١٩٨٨، ل ٤٧.
- ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، ٢٠١٦، مەولەوی و هونەری شیعر لێکۆڵینەوەیەکی بابەتییانەیە، ل ٣٤-٣٧.
- عەبدوڕەحیمی مەولەوی تاوگۆزی، ٢٠٢٤، عەقیدەنامەی کوردی بە کورتی، دۆزینەوەو ساغکردنەوەی: محەمەد عەلی قەرەداخی، ئامادەکردنی: عادل لەتیف مەولەوی، یەکەمین کۆنفرانسی زانستی و نێودەوڵەتیی مەولەویناسی، ل ٣- ٥.
- مەلا عبدالکەریمی مدرس، ١٣٧٨، دیوانی مەولەوی، سنندج: انتشارات کردستان، ل ١٧.







سەرنجێک بەجێبهێڵە