لە ساڵیادی سلێمانی دا بیبیلۆگرافیای خۆشەویستیی لە بەرۆکی دەدەین

سلێمانی تەنیا پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون و زێدی باوباپیران نییە، هێندەی کتێبێکی پڕشکۆمەندییە، سلێمانی دایکی کوردایەتی و پێشرەوی خەبات و ڕاپەرینە، شاری شەهیدان و ناوداران و سیمبولەکانە، مەڵبەندی رۆشنبیریی و ئەدەب و داهێنانە، لانکەی شاعیرو ڕوانگە نوێیەکانە.

ئەگەرچی سلێمانی تەمەنی بنیادنانی کەمە، بەڵام لەو ڕۆژەوەی ئیبراهیم پاشا بنیادی ناوە بۆ یەک ساتیش نەسرەوتووە، هەربۆیە تەمەنی خەبات و پێشمەرگایەتی و ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپیشاندان دژی دوژمنان و داگیرکەران هەزاران ساڵە، ئەمەش وادەکات نەزانیین لە کوێوە دەست بە خوێندنەوەی پەڕەکانی ئەم کتێبە زێڕینە بکەین، نەزانیین پەڕەی کام ڕووداو و کارەسات، کام خیانەت و دژایەتی و پیلان لە دژی هەڵبدەینەوە، یان کام جوانی و خۆشەویستی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕینەوە!

لە ساڵیادی (٢٤٢) ساڵیدا، نامانەوێ لاپەڕەی ئازارەکانی هەڵبدەینەوە، هێندەی دەمانەوێ بیبیلۆگرافیایەک لە خۆشەویستی لە یەخەی زێدمان بدەین، بیبیلۆگرافیایەک لە هەندێ لەو دەربڕینانە هەڵدەهێنجین، کە سلێمانییەکان یان کەسانیتر لە بارەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی، عیشق و جوانیی، ژینگە و پاکوخاوێنی، سروشت و هەڵکەوتەی، مێژوو و یاخیبوونەکانی، گەنج و داهێنانی، کۆچ و جێهێشتنی، هونەر و میوزکی، ئازادی و سیاسەتی، قوربانیدان و شەهیدانی، ئاشتی و پێکەوە ژیانی سلێمانییەوە دواون و وتەی جوانیان بە باڵای ئەم شارەدا هەڵداوە.

سەرەتا لە جوگرافیای جوانیی دەدوێین، سلێمانی لە دامێنی گۆیژەدا و لە باوەشی  ئەزمەڕ و گڵەزەردە و پیرەمەگروون و بەرانان و سەیواندا یاقوت ئاسا دەدرەوشێتەوە، دەورەدانی بە زنجیرە چیاکان، هاوکات لەگەڵ ئاستی بەرزی ڕۆشنبیریی خەڵکەکەیدا، وایکردووە ببێتە پاکترین شاری هەرێم و عێراق، شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس دەربارەی بنیادنانی دەڵێت:

لەدارە شمانە ئەستێرەیەک لەدایک بوو

لە قەڵاچوالان بوو بە مانگ

مانگ هاتە خوارێ بۆ دەشتایی

 نێوان گۆیژە و گڵەزەردە

لە بەهارێکدا خۆر حەزیلێکرد و هانی

لەدوای نۆ وەرز لە مەڵکەندی،

 مانگ ژانیگرت و کوڕێکی بوو

برایم پاشاش ناوی لێنا سلێمانی

سلێمانی لەکۆندا تەنها حەوت گەڕەکی هەبووە مەڵکەندی، گۆیژە، کانی ئاسکان، سەرشەقام، دەرگەزێن، چوارباخ و جولەکان.  پیرەمێردی مەزن بە حەوت ئەستێرە ناویبردوون و دەڵێت: ئەم گەڕەکانە کانگای مەردایەتی و زانست و ئەدەبن، کاتێ بە ناویاندا تێدەپەڕیت، هەست دەکەیت هەموویان یەک خێزانن و لە خۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانیی یەکترن.

ئێستاش گەڕەک و شەقام، باخچە و قوتابخانە و هۆڵ و ستی و مزگەوتەکان، ناوی کەڵە ئەدیب و سیاسەتمەدارانی وەک مەولەوی و پیرەمێرد، گۆران و نالی و سالم و کوردی و مەولانا خالید و ئیبراهیم پاشا و شێخ مەحموودی وەک وەفایەک هەڵگرتووە، کاتێ کەسانێک سەردانی دەکەن، لەڕێوە بەو ناوانە ئاشنا دەبن، تەڵعەت تاهیری شاعیر دەڵێت:                              

سلێمانی بۆ من دراوسێیەتییە لەگەڵ خەڵکی گەورە، ئێستاش کە بە جادەی پیرەمێرددا دەچم، لەبیری ناکەم ئەوە جادەی حاجی تۆفیقی پیرەمێردە، کە بە مەولەویدا دەچم لەبیرمە ئەوە جادەی مەولەوی شاعیری گەورەیە ، کاتێ دەچم لە خانەقاکەی مەولانا خالید پەرداخێ ئاو دەخۆمەوە یان دەموچاوێ دەشۆم، بۆ من شتێکی گرنگە.

لەڕووی سیاسییەوە، سلێمانی بە ناسنامە شاری سیاسەت و کوردایەتییە، لە کۆنەوە ڕێڕەوی کۆڕ و کۆبونەوەکان هەمیشە باسی نیشتیمان بووە، لەپاڵ ئەمەشدا، زانست و مەعریفە، دووانەیەکی لێکدانەبڕاوی ناسنامەکەی بووە، مزگەوتەکان هێندەی شوێنێک بوون بۆ پەرستن، دەهێندە مەڵبەندی فێربوون بوون، لە حوجرەکانەوە ئازادیی فکر و فەلسەفە و زانست بە خۆشەویستی نیشتمانەوە دەبەسترانەوە، قوتابخانەی ڕوشدییە و چاپخانەی ژین، ڕۆڵی کارایان لەم بوارەدا هەبووە ، بەوهۆیەوە لە مێژووی کەمی تەمەنیدا پایتەختی میرنشینی بابان و حکومەتەکەی شێخ مەحموودی نەمر بووە، لە مێژووی نزیکیشدا خەڵکە توڕە و داخ لە دڵەکەی بەرامبەر ڕژێمی بەعس لە (٧)ـی ئازاردا کڵپە و بڵێسەی ڕاپەڕینیان ڕەوانەی شارەکانیتر کرد، دواتر بە هەوڵی کوردان باشوری کوردستان لە بەعسییەکان پاککرایەوە.

لە بارەی ڕۆشنبیرییەوە، ئەم شارە قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕوناکبیرانە، لە شار و شارۆچکەکانەوە هاتوون و پەرەیان بە تواناکانیان داوە و ناو و ناوبانگیان پەیداکردووە، بەو جۆرە لانکەی ڕوناکبیر و ئەدیب و هونەرمەندان و بەرهەمهێنانی هونەریی ڕەسەن بووە، هەروەها لەبواری ڕۆژنامەگەریی و چاپەمەنی و داهێناندا دەوڵەمەند بووە، ئەمانە وایکردووە پێشەنگی بزوتنەوەی فکریی و ڕۆشنبیریی بێت و نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی و شاری ئەدەبی یونسکۆ وەربگرێت.

شاعیر تەڵعەت تاهیر دیسان دەڵێت: سلێمانی مرواری سەرتاجی کوردایەتییە، شارێکە هەموومان قەرزاری ئەوین هەموومان قەرزاری تەقە تەقی چاپخانەکەی حاجی تۆفیقی پیرەمێردین، هەموومان قەرزاری مەردایەتییەکەی قانعین، شارێکە یاخی و ڕامنەکراو، لە شێوەی ئەو ئەسپانەی سوارچاکی دەگمەنی دەوێ.

لەبارەی عیشق و خۆشەویستییەوە زیادەڕەویی نییە، گەر بڵێین سلێمانییەکان عاشقی شارەکەیانن، نەوە دوای نەوە عشقیان  ڕادەستی یەکدەکەن و هەمووی دەڕژێننە یەک کانیاوەوە، هەرکەس لە گۆشەنیگایەکەوە بە باڵای جوانی شاری شاراندا هەڵدەدات، سترانبێژ و میوزسیانەکانیش بە ئاوازی جیاواز ڕۆحی ماندووی سلێمانی و سلێمانییەکان ئاودەدەن و تابلۆی ناوازەی لێدەنەخشێنن، کێ لە ئێوە گوێبیستی نەریمان بابان نەبووە، کاتێ دەچڕێ:

سلێمانی ئەی شاری منداڵیم

ئەی شاری پڕ لەیادگاریم

شاری هەزار و یەک گۆرانی

سەرباری ئەمەش لە وێستگە جیاوازەکاندا و بەهۆکاری جیاواز، هەندێ لە سلێمانییەکان شارەکەیان جێهێشتووە.  شاعیری ناسراو ئیسماعیل محەمەد لە هۆنراوەیەکدا، کە نازانرێت بۆ چ هەلومەرجێک ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە، دەپرسێ: نایەیتەوە؟

نایەیتەوە؟… سەرێ لە شار نادەیتەوە

بیری سلێمانی ناکەیت؟

حەز بە پیاسە و گەڕانێکی

دەمەو ئێوارانی ناکەی؟

کاتێ گوێبیستی دەبیت، کۆی یادەوەرییەکان تێکەڵ بە ڕۆحەکان دەبن.                                                                                                       لە وەڵامدا کوردانی دیاسپۆرا، حەسرەتی گەڕانەوە و جارێکیتر بینینەوەی سلێمانی خەمی گەورەیانە، نەوژین سۆران لە کۆپلە شێعرێکدا ئەو حەسرەتە وەسف دەکات و دەڵێت:

لە غەریبی مردم                 بمبەنەوە بۆ شاری خۆم

ئێستاش هەردوو چاوم داخەم    کۆڵان بە کۆڵان پیای دەرۆم

جەستەم بگێڕن بە شارا          با ڕۆحم فێربێ بە جوانی

لەو دنیاش وتیان خەڵکی کوێی   یەکسەر بڵێ سلێمانی

بەوجۆرە سلێمانییەکان، شیعر و شانامەیان بە باڵای شاردا هەڵداوە و دەیانەوێت سلێمانی یەکەم مەنزڵ و دوا مەنزڵیان بێت.

داناز عبدولڕەحمان لە هۆنراوەیەکدا هاوشێوەی وەسێتنامە دەنوسێ:

گەر لەو دنیاش لێیان پرسیم      شارێک بۆ خۆت هەڵبژێرە

ئەڵێم خوایە من بەندەی تۆم      ڕۆحم بکە بە ئەستێرە

بمبەرەوە بۆ سلێمانی              دڵم ئۆقرە ناگرێ لێرە

وەسێت دەکەم کاتێ مردم،       سلێمانی ماڵ و جێم بێ

با ئاسمان و ئەستێرەی شار      بۆهەمیشە چاویان لێم بێ

لە کۆتاییدا عاشقبوون بۆ ئەم شارە، سلێمانیی کردۆتە شیرینی فەرهادەکەی کوردستان و ڕۆژانە بە سەدان دەربڕینی جیاواز خۆ بەقوربانی دەکەن، وشەکانی بەساقەوبم، بەقوربانبم سلێمانی، بۆتە بەشێک لە فەرهەنگی زمانیان، هاوکات دەستەواژەی “بەساقەوبم سلێمانی” وەک ڕیکڵامی هەندێک کۆمپانیا لە شەقامەکاندا دەبینرێت،  بەئاوازیشەوە دەڵێن:

بەساقەوبم، بەساقەوبم سلێمانی

شاری هەڵمەت و قوربانیی

شاعیر و میدیاکار ڕەنج سەنگاوی وەک بەشێک لە پڕۆژە و چالاکییەکانی سلێمانی شاری ئەدەبی یونسکۆ، لە وەسفێکی جیاوازدا دەڵێت:

ئەم شارە سێبەری شارە          لێرە ناتوانی بزانی

بەیانییە یان ئێوارە               نووستووە یاخود بێدارە       

پێئەکەنێ یان خەمبارە          هۆشی هەیە یا خومارە

هاوار ناکا تا بزانی بریندارە

خۆی پێت ناڵێ پێکراوی تیری هەزاران ڕۆژگارە

وای لەم شارە  

هەزاران جارپیای ئەگەڕێی    کەچی ئەڵێی یەکەم جارە

خۆشەویستیی و دڵسۆزیی شاعیر و هونەرمەند میدیا حسێن بۆ سلێمانیی دایک گەیشتۆتە پیرۆزیی، لە شیعرێکدا خاشاکی کوچە و کۆڵانی بە گەنجی قاروون بەراورد دەکات، هەمووتان گوێتان لێبووە، کە هونەرمەند بورهان مەجید ڕۆحی بەبەردا دەکات و دەچڕێ:

بە گەنجی قاروونی نادەین خاشاکی کوچە و کۆڵانی

بە دڵ هۆگری ئەم شارەین، ناژین بەبێ سلێمانی

لەبارەی ئاشتی و پێکەوە ژیان، کوردەواریی دەڵێ: چی بچێنی ئەوە دەدوریتەوە، لەو ڕوانگەیەوە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە بێ هۆ نییە، ئەوانەی خەڵکی ئەم شارە نین باشتر بەخشندەیی و میهرەبانیی ئەم شارە دەبینن و دەزانن، کە چۆن بۆتە چەتری کۆکەرەوەی ئایین و مەزهەب و کلتوور و بیروڕا جیاوازەکان، لە نەهامەتییەکانیشدا پاڵپشتی دەستە خوشکەکانێتی و ئامێزی گەرمیشی بۆ پارچەکانی تری کوردستان کردۆتەوە و میوان دۆست و مامە خەمەی هەمووانە، بۆیە بە شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان ناسراوە، هەرچەند زۆرجار بەوهۆیەوە ڕووبەرووی دەیان چیرۆکی بەئازار و سزای ناحەزان بۆتەوە.                                                      لە شاکارێکی شیعرییدا، کە هۆنراوە و ئاوازی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە دەڵێت:

وێردی شیرینی سەر زاری           شاکاری دەستی بابانی

هێزی بازووی ڕەنجدەرانی          بوکی جوانی کوردستانی

پایتەختەکەی کوردایەتی              شاری ورە و مەردایەتی

چرای گەشی چوار پارچەکەی      دەنگی گەلانی ناوچەکەی

لە کۆتاییدا لەو ڕاستییە دەگەین، ناحەزان بەرگەی ناو و ناوبانگی جوانیی ئەم شارە ناگرن و هەوڵی نەزۆک بۆ ئازاردانی دەدەن، بەڵام بەخوا زۆرن دەڵێن:

گەرهەزاران میلیش بفریت

دێیتەوە تا لەوێ بمریت

سەرۆک مام جەلال ڕۆحی شاد بێت، ناوی ناوە شارە حەیاتەکە، کەسێکیش دەڵێت: بەس دایکم لە سلێمانیی خۆشتردەوێ، کەسێکیتر، ئەم شارە سیحرێکی سەیری تێدایە خەڵک ئالوودە دەکات، خەڵکی ئێرەش نەبیت ئالوودەی دەبیت، یەکێکیتر، تا ناخۆشی تیا ببینیت زیاتر خۆشت دەوێ، یەکێکیتر، هەموو دنیا ببێ بە گوڵ ناگا بە جوانیی سلێمانی.

ئەی ئێوە چی، چۆن گوزارشت لە خۆشەویستیتان بۆ سلێمانی دەکەن؟

منیش هیواخوازم لە دەستی ناحەزان بە دووربێت، بۆیە وەک هونەرمەند ڕۆژ کەریم دەڵێم:

خودایە تۆ بیپارێزە

سلێمانیی زۆر زۆر ئازیزە

ماردین عبدالکریم نوسەرو رۆژنامەنووس خاوەنی دبلوم و دەرچووی یەکەمین وەجبەی پەیمانگای تەکنیکی - بەشی رۆژنامەنووسی خاوەنی بروانامەی بەکالوریس لە زانستی کومپیوتەر لە زانکۆی سلێمانی. خاوەنی ئەزموونی سی ساڵ کارکردن لە بواری راگەیاندن، بەرێوەبەری پێشوی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، ئەندامی کارای یەکێتی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەندامی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، بەرێوەبەری رێکخراوی نەمام بۆ داکۆکی لە مافی مێردمنداڵان.