نەخۆشیەکی باو لە ئافرەتاندا کە مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ زیاد دەکات!

توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە وردە کیسی هێلکەدان (PCOS) تەنها کێشەی منداڵبوون نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی گرنگی هەیە بە نەخۆشیەکانی  دڵ و سوڕی خوێن. نەخۆشی وردە کیسی هێلکەدان (PCOS) یەکێکە لە باوترین کێشە هۆرمۆنییەکان لە ئافرەتاندا، کە زۆرجار تەنها بە کێشەی منداڵبوون یان ناڕێکی سوڕی مانگانە دەناسێنرێت. بەڵام لە چەند ساڵی دواییدا توێژینەوەکان ئەوەیان نیشان داوە کە ئەم نەخۆشییە پەیوەندییەکی گرنگی هەیە بە زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن (Cardiovascular disease) بە پێی لێکۆلینەوەکانی WHO.

نەخۆشی وردە کیسی هێلکەدان (PCOS) چییە؟ ‏ کاتێک ڕوو دەدات کە هاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە جەستەدا تێک دەچێت، و دەتوانێت ببێتە هۆی:

* ناڕێکی سوڕی مانگانە

* زیادبوونی مووی نائاسای لە شوێنە نائاساییەکان لە جەستەی ئافرەتان (hirsutism)

* کێشی زیاد

* کێشەی منداڵبوون

سەبارەت بە پەیوەندی وردە کیسی هێلکەدان (PCOS) بە دڵ، توێژینەوە زانستییەکان نیشان دەدەن کە ئافرەتان کە (PCOS)یان هەیە، مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن. ڕێکخراوی World Health Organization (WHO) و دامەزراوەکانی تر وەک American Heart Association پێیان وایە کە گۆڕانکاری هۆرمۆنی لە PCOS دەتوانێت ببێتە هۆی:

* بەرزبوونی فشار خوێن

* زیادبوونی چەوری لە ناو خوێندا(هایپەرلیپیدیمیا)

* مەترسی جەڵتەی دڵ

 بەرگری ئەنسۆلین(insulin resistance) چییە؟ یەکێک لە گرنگترین کێشەکان لە وردە کیسی هێلکەدان PCOS “بەرگری بە ئەنسۆلین” ە. ئەوە واتە:

* جەستە باش ئەنسۆلین بەکارناهێنێت

* شەکر لە خوێن زیاد دەبێت

* مەترسی شەکرە و کێشەکانی دڵ زیاد دەبێت

لە Mayo Clinic ـدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم دۆخە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە کێشی زیاد و نەخۆشییەکانی دڵ.

ئایا نەخۆشیPCOS تەنها کێشەی هۆرمۆنە؟ نەخێر. PCOS تەنها کێشەی هۆرمۆن نییە، بەڵکو کاریگەری هەیە لەسەر:

* سیستەمی شەکر

* چەوری خوێن

* فشاری خوێن

*  دڵ

بەڵام هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە  کە دەتوانرێت ئەم مەترسییە کەم بکرێتەوە. چۆن ئەم مەترسیە کەم بکەینەوە؟ بە چەند هەنگاوێکی گرنگ:

* خواردنی تەندروست (کەمکردنەوەی شەکر و چەوری)

* وەرزش بە شێوەی بەردەوام

* کەمکردنەوەی کێش

* پشکنینی بەردەوامی فشار و شەکر

* چاودێری پزیشکی

لە کۆتاییدا، تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان وردە کیسی هێلکەدان PCOS و نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانێت یارمەتی ئافرەتان بدات  بۆ ئەوەی بڕیارە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی باشتر بدەن. بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە شێوازی ژیان، دەتوانرێت ڕێگری لە مەترسییە گەورەکان بکرێت و ژیانێکی تەندروستتر بەدەست بهێنرێت.

سارا عبدالغفور سعداللە(سارا ئاری). دەرچوی کۆلێژی پزیشکی کوردستان - سنە/ئێران