لە جیهانی نوێدا بەڕێوەبردنی سامان گرنگترە لە خودی ئەو بڕە سامانەی کە وەک داهات دێتە دەستی تاک، هەربۆیە هۆشیاریی دارایی بووەتە بەهرەیەکی پێویست بۆ دوورکەوتنەوە لە کەوتنە ناو تەڵەی هەژاریی و یەکێکە لە گرنگترین کارامەییەکانی ژیان لە ناو سیستمی سەرمایەداریدا. لێکۆڵینەوە زانستیەکان ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان هۆشیاری دارایی و هەژاریدا. هۆشیاریی دارایی واتە توانای تێگەیشتن، هەڵسەنگاندن و بەکارهێنانی زانیاریی دارایی بۆ ئەوەی بتوانیت بڕیاری دروست بدەیت لەسەر داهات، خەرجی، پاشەکەوت، قەرز، ڕێژەی قازانج و مەترسییەکانی وەبەرهێنان.
هۆشیاریی دارایی تەنها زانیاری نییە؛ OECD(ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری) پێناسەی هۆشیاریی دارایی بە تێکەڵەیەک لە ئاگاداری، زانست، کارامەیی، هەڵوێست و ڕەفتار دەکات کە یارمەتی تاک دەدات بڕیاری دارایی هۆشیارانە بدات و پلانێکی تۆکمەتر بۆ داهاتوی دارایی خۆری دابڕێژێت و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم پێناسەیە و تێگەیشتن لێی گرنگە، چونکە پیشانیدەدات کە زۆرجار کێشەی دارایی تاک و خێزان تەنها لە کەمی داهاتدا نییە، بەڵکو “کەمی زانیاری، کارامەیی و بێپلانی” واییکردووە کە تاک و خێزان لە هێڵی هەژاری نزیکببنەوە. لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هۆشیاریی دارایی جۆرێکە لە سەرمایەی مرۆیی نیشتمان و وادەکات تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ڕووی داراییەوە هۆشیارتربن و ژیانکی باشتریان هەبێت و کەمتر پشت بە حوکمەت ببەستن و توانای ئەوەیان هەبێت کە داهاتەکەیان بەباشی بەکاربهێنێت.
ئەمەش پاڵنەر دەبێت بۆئەوەی تاکی هۆشیار لەڕووی داراییەوە هەڵەی دارایی کەمتر بکات، لە رێژەی قازانج ومەترسییەکانیشی تێبگات و گونجاوترین جۆری وەبەرهێنان هەڵبژێرێت بۆ قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی، هەر ئەمە کاریگەریی ئەرێنی ڕاستەخۆی هەیە لەسەر خۆشگوزەرانیی تاک و خێزان. ئەم توێژینەوە زانستییە لەوبارەیەوە دڵنیایی دەدات Lusardi, Mitchell (2014).
لە ڕاپۆرتێکی OECD/INFE 2023دا دەرکەوتووە ئەو کەسانە کە ئاستی هۆشیاریی داراییان باشە، بە تێکڕا ١٠٪ لە ڕوی دارایەوە خۆشگوزەرانترن و ١٥٪ زیاتر بەرگەی تەنگەژە داراییەکان دەگرن، بەراورد بەوانەی کە ئاستی هۆشیاریی دارایییان کەمترە. ئەمە واتە وشیاری دارایی دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ئارامی، فشاریا دارایی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و قەیران.
لە عێراق و ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی دارایین کەمتر گەشەی کردووە، هۆشیاریی دارای گرنگی زیاتری هەیە، هەر بۆیە لە پلانی ستراتیژیی گشتگیری دارایی عێراقدا 2025–2029، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، “پاراستنی بەکارهێنەر و هۆشیاریی دارایی” وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی سیستەمی دارایی دیاریکراوە. هەمان بەڵگەنامە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاریی دارایی گونجاو هەیە کە تێچووی کەم بێت و لەگەڵ بەها ئاینی و کەلتورییەکانی عێراقییەکاندا هاوتەریب بێت.
بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەموو ئەو کەسانەی کە لە وڵاتێکدا دەژین کە سیستمی دارایی و داد تێیدا وەک پێویست گەشەی نەکردووە و دەوڵەت وەک پێوسیت بەرپرسیارێتیی دارایی ئێستە و داهاتووی هاوڵاتییانی نەگرتوەتە ئەستۆ، لەم هەل و مەرجەدا بەرپرسیارێتیی دارایی تاک و خێزان بۆ ئێستە و داهاتوو دەکەوێتە ئەستۆی خۆدی خۆیی دەبێت کەمتەرخەم نەبێت لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییە، لەناویشیاندا، بەرپرسیارێتی پاشەکەوت و پلانی دارایی و وەبەرهێنان بۆ خانەنیشینی و حاڵەتی لە ناکاو، خێزان، تەندروستی و خوێندن.
بێگومان یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیارێتییە بە هۆشیاریی دارایی دەستپێدەکات. و هۆشیاریی دارایی بە سێ هەنگاوی سەرەتایی و کاریگەر دەست پێدەکات:
یەکەم: هەبوونی پلانی دارایی کە گونجاوبێت لەگەڵ ژیانی ئەو کەسە.
دووەم: تێگەشتنێکی ڕاوس و زانستی لە مەترسی و قازانجی وەبەرهێنان.
سێیەم: جێبەچێکردنی ئەو پلانە دارایەیی کە داتناوە بۆ ژیانت (لە خاڵی یەکەمدا) زۆربەی تاک و خێزانم لە جێبەجێکردنی پلانی دارای شکست دێنن و دەکەونە مەترسی هەژاریەوە.
هەنگاوی کردەیی:
گرنگە هەموو تاک و خێزانێک پرسیارێک لەخۆی بکات : “ئایا مەترسیی هەژاربوون و تەنگەژەی دارایی لەسەر من و خێزانەکەم چەندە، ئەگەر کارەکەم لەدەست بدەم یان تووشی نەخۆشیی درێژخایەن ببم؟”
وەڵامەکەی روونە، یەکەم هەنگاو بۆ دوورکەوتنەوە لە هەژاری بریتیە لە هۆشیاریی داریی، وە دەئەنجامی هۆشیاری دارایی دەبێت هەنگاوێکی کردەیبێت، کە بریتیەلە وەبەرهێنان.







سەرنجێک بەجێبهێڵە