لە نێوان هاوکێشەی ئاڵۆزی ﭘﯾﺎوﺳﺎﻻری و ژنسالاریدا، کێشە ڕاستەقینەکە لە ڕەگەزی ئەو بکەرەدا نییە کە کورسیی دەسەڵات توند دەکات، بەڵکو لە خودی ئەو عەقڵییەتە باڵادەستیخواز و دوانییەدایە کە مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای ” سەردەست و ژێردەست ” پۆلێن دەکات. کاتێک لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا چاو هەڵدەهێنین، تەنانەت ئەگەر خێزانەکانیشمان دژە باڵادەسی بن، دواجار لە ڕێگەی دامەزراوە پێکهاتەییەکانەوە بەرکەوتەمان لەگەڵ ئەو سیستمەدا دەبێت کە ئازادیی تاک و دەرفەتەکانی ئافرەت لەناودەبات، و لە هەمان کاتدا بارێکی قورسی دەروونی و ئابووریش دەخاتە سەر شانی پیاو بە ناچارکردنی بۆ گێڕانی ڕۆڵی “پاڵەوان”. بەڵام ئەگەر تەنها هاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە بۆ ژنسالاری، کێشەکە چارەسەر نابێت؛ چونکە لێرەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەکی قووڵ دەبینەوە کە لە فەلسەفەی دەروونشیکاریدا بە “پیاوسالاری ناوەکی -internalized patriarchy ” دەناسرێت، کە تێیدا ژنان خۆیان بە هۆی پەروەردەی سیستمەکەوە، پێوەرە سەرکووتکارییەکان وەردەگرن و دژی یەکدی بەکاریدهێننەوە. ئەمەش وایکردووە کە زۆرجار نەبنە پاڵپشتی ڕاستەقینەی هاوڕەگەزەکانیان. لێرەوە پێویستە ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵی دایکان لە پەروەردەکردندا نەک وەک تاوانبارکردنی قوربانی، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی بەهێزکردن و پێدانی توانای گۆڕانکاری سەیر بکرێت، چونکە ئافرەت تەنها وەرگرێکی بێدەنگ نیە، بەڵکو بکەرێکی کارایە کە دەتوانێت لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی پەروەردەی کوڕان و کچانەوە بنکۆڵی ئەو ئەقڵییەتە دۆگما و چەقبەستووە بکات. ساڵانێکی زۆر کاتمان بە ڕەخنەگرتن لە دەرەنجامەکان بەڕێکرد، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە بزانین کێشەکە ڕەگەز نییە، بەڵکو ئەو بیرکردنەوە ستەمکارانەیە کە وا لە مرۆڤێک دەکات خۆی بە سەرووتر لەوی دی بزانێت؛ ئەگەر ئەمە لە ڕیشەوە دەرنەهێنرێت لە دەروونی مرۆڤایەتیدا، هەر سیستمێک بێتە کایەوە دواجار مۆدێلێکی نوێ لە ناهەقی، چەوساندنەوە و دوورکەوتنەوە لە داپەروەریی مرۆیی بەرهەم دەهێنێتەوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئافرەتان لە پێگەی ژنسالاریدا نەیانتوانیوە مافی تەواو بە یەکتری بدەن و هەندێک جار ڕۆڵی یەکدییان شکاندووە. ڕەنگدانەوەی ئەم ڕووە دەروونیە لە پیاوانیشدا دەردەکەوێت، کە بە تەواوی مافی ڕێزگرتن نادەن بە ئافرەتان، بە تایبەت لە هاوسەرگیریدا.
دواجار ڕێزگرتن و مافدان بە ئافرەتان لە دەستی ئافرەتانیشەوە دێت، چونکە دایکن و پەروەردە و بەخێوکردنی کوڕان و کچان لە ئەستۆی خۆیانە. ئێمەی خانمان پێمان دەکرێت پیاوان بگۆڕین بۆ باشتر، کێشەکە پیاو یان ئافرەت نیە، کێشەکە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە کە وا دەکات مرۆڤێک خۆی بە باشتر لە مرۆڤێکی دیکە بزانێت. ئەگەر ئەم بیرکردنەوەیە لە دەروونماندا نەگۆڕین، هەر سیستمێک بە ناوی پیاوسالاری یان ژنسالاری بێت، دواجار هەمان ئەنجام دەدات بە دەستەوە.









سەرنجێک بەجێبهێڵە