گفتوگۆی بنیاتنەر – بەشی یەکەم

گفتوگۆی بنیاتنەر بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی پەیوەندیی مرۆیی سەرکەوتوو و ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری نێوان تاکەکان و کۆمەڵگاکان دادەنرێت. لە جیهانێکدا کە بەهۆی هەمەچەشنی ڕۆشنبیری و هزرییەوە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، گفتوگۆی بنیاتنەر بووەتە پێویستییەک بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و دروستکردنی پردی لێکتێگەیشتن. ئەم گفتوگۆیە تەنها شێوازێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو کولتوورێکی گشتگیرە کە بەشدارە لە فەراهەم کردنی ژینگەیەکی لێوانلێو لە لێکتێگەیشتن و تەبایی.هێزی گفتوگۆی بنیاتنەر لە چوارچێوەی گوێگرتنی هاوبەش و ڕێزگرتن لە بیر و ڕا جیاوازەکان دەسوڕێتەوە، ئەمەش دەیکاتە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان و بەدیهێنانی تەبایی، بەدوور لە دەمەقاڵێ. گفتوگۆی بنیاتنەر بنەمایەکی سەرەکییە بۆ لێکتێگەیشتنی مرۆیی، لێبوردەیی و پێکەوەژیان، کە یارمەتیدەرە لە بنیادنانی کۆمەڵگەی کۆکراوەتر و بەتواناتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاری و ئاستەنگدا. گفتوگۆی بنیاتنەر وەک باشترین ڕێگا دەمێنێتەوە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەیەکی بەهێز و پێویستییەکی حەتمییە بۆ دەستەبەرکردنی لێکتێگەیشتنی مرۆیی و کارکردنی هاوبەش لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام کە خزمەت بە هەمووان بکات، هەروەها ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام.

سوود و بەرهەمەکانی گفتوگۆی بنیاتنەر لە ئاسۆی بیرکردنەوەکاندا دەردەکەون کە هەمیشە ئامانجیان بەدیهێنانی مه‌بەستی بەرز و پەسەندە؛ ئەوانیش لە دەرخستن و چەسپاندنی ڕاستی و هاوکاریی هاوبەش بۆ سەرخستنیدا خۆی دەبینێتەوە. لەم ڕێگەیەوە، گومانەکان نامێنن و کاڵ دەبنەوە، ئەو بانگەشە و قسە بێبنەمایانەش دەڕەوێنەوە کە ناسەلمێنرێن و بەڵگەیان کەمە و هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی پووچەڵکردنەوەی ناهەقی و تێکشکاندنی ئەو قاڵبە لاوازەی کە هەیەتی. لێرەشەوە، پێویستە ئادابەکانی گفتوگۆ بەرز ڕابگیرێن کە کۆڵەکەی سەرکەوتنیەتی و دەبێت بە هێز و ئیرادەیەکەوە دەستیان پێوە بگیرێت کە یارمەتیدەر بن لە سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا، ئەمەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەگەری بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و بەڕێز.

شایانی باسە کە گفتوگۆ، وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندییەکی کاریگەر، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کۆمەڵێک ئاداب دەبەستێت کە بە بەردی بناغەی سەرکەوتنی پرۆسەی گفتوگۆ و بەدیهێنانی ئامانجە چاوەڕوانکراوەکانی دادەنرێن. لە دیارترینیشیان ئەو ئادابانەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی هاوئاهەنگی فکری لە نێوان لایەنەکاندا، بۆیە پێویستە لێکتێگەیشتن پابەند بوون هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستەی لە گفتوگۆی بنیاتنەر چاوەڕوان دەکرێت؛ چونکە خاکی بوون و ڕێزگرتن لە بەرانبەر، لە تێڕوانینیدا کرانەوەیەک دروست دەکات و هانی لێکتێگەیشتن دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵتر و قبوڵکردنی بیرۆکە جیاوازەکان و لە ئەنجامدا بەدیهێنانی گونجانی فکری. هەروەها باش گوێگرتن و سەرنجدان بە ئاگاهی و هۆشیارییەوە، یەکێکە لە ئادابە بنەڕەتییەکان کە کوالێتی گفتوگۆکە باشتر دەکات و وا لە قسەکەر دەکات هەست بە ڕێز بکات، ئەمەش هانی دەدات بۆ بەشکردنی بیرۆکەی ڕوونتر و قووڵتر و هەڵەتێگەشتن کەم دەکاتەوە.

دەربڕین و داننان بە باشیی ئاستی ئەو بیروبۆچوونانەی کە پشت بە بەڵگەی بەهێز و ڕاست دەبەستن، بە یەکێک لەو کارانە دادەنرێت کە بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش لە نێوان گفتوگۆکاراندا دادەمەزرێنێت. ئەم جۆرە کارلێککردنە، قەدرشناسانە لە هەوڵ و تەقالا هزرییەکان دەڕوانێت و هانی گفتوگۆی زیاتری بناتنەرانەی دوور لە دەمارگیری دەدات و زیاتر جەخت لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکە دەکاتەوە نەک لەسەر کەسایەتییەکان؛ ئەمەش یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ململانێکان و نیشانەی لێکتێگەشتنە. هەروەها بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو، گرنگە مرۆڤ ئارام بێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکاندا؛ چونکە ئارامی و قبوڵکردنی ئەویتر، ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە چەسپاندنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و یارمەتیدەرە لە دۆزینەوەی چارەسەری نێوەندگیرانە کە هەموو لایەک ڕازی بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەدەستخستنی دەرەەنجامی ئەرێنی، بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و پاڵپشتیکردنی یەکێتیی کۆمەڵایەتی، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی هزری بەرهەمدار.

هەڵەکردن بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ و خۆی لە خۆیدا شتێکی ڕەتکراوە نییە، بەڵکو کاتێک ئەنقەست دووبارە ببێتەوە دەبێتە کێشە؛ چونکە دووبارەکردنەوەی هەڵە بە ڕەفتارێکی نادروست دادەنرێت. لەبەر ئەوە، لە کاتی گفتوگۆدا پێویستە گفتوگۆکەران لە بریندارکردنی یەکدی دوور بکەونەوە، پاساو بۆ لایەنی هەڵە بهێننەوە و بە نەرمی و ڕێناشیندەرانە ئاڕاستەی بکەن تا بگەڕێتەوە سەر ڕێگای دروست. ئەم ڕەفتارە ڕەنگدانەوەی ڕێزگرتنی هاوبەشە و ژینگەیەکی گفتوگۆی تەندروست دەهێنێتە کایەوە کە ڕێخۆشکەرە بۆ گەشتن بە چارەسەری واقیعی. ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ بوونی گفتوگۆیەک کە تێیدا ڕێز لە قسەکەر بگیرێت و دەرفەتی پێبدرێت بۆ دەربڕینی بیرو بۆچوونەکانی بەبێ پێبڕین، چونکە پێبڕین نەک تەنها دەبێتە هۆی پەکخستنی ڕەوتی قسەکردنەکە، بەڵکو ڕەنگە لایەنی بەرامبەر تووشی نائومێدی بکات، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی گفتوگۆکە جێدەهێڵێت.

گوێگرتن بە جوانی و بە وردی، ڕەنگدانەوەی بایەخدانێکی ڕاستەقینەیە و هەستی ڕێزلێنان بە قسەکەر دەبەخشێت، هەروەها دەرفەت بە گوێگر دەدات بابەتەکە بە شێوەیەکی باشتر تێبگات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆکە. گفتوگۆی بنیاتنەر دەرفەتێکی بەنرخە و دەبێت قەدرشناسانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بە جۆرێک کە جەخت لەسەر بابەتەکان بکرێتەوە بەبێ لادان و دوورکەوتنەوە لە باسەکە، لەپێناو بەدەستخستنی ئامانجی خوازراو. ئەمەش بەو مانایە نییە کە لایەنێک قسە بکات و ئەویتر بێدەنگ بێت؛ بەڵکو پێویست بە دابەشکردنی دەرفەتەکان دەکات بە یەکسانی، تا هەر بەشداربووێک بتوانێت ڕا و بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت. بە پابەندبوون بەم پرەنسیپە، جۆرێک لە هاوسەنگیی هزری و زەمینەسازی دەڕەخسێنرێت بۆ کارلێککردن لەسەر بابەتە باسکراوەکان. کە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و بنیادنانی دیدگایەکی گشتگیر دەربارەی بابەتەکە. لێرەدا جەخت دەکەینەوە کە سەرکەوتنی گفتوگۆی بنیاتنەر بەندە بە پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییەکانی وەک لێبوردەیی، ڕێزگرتن و بابەتیبوون، ئەم بەهایانە تەنها بنەما نین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار، بەڵکو پەیوەندییە مرۆییەکانیش بەهێز دەکەن و ژینگەیەکی هاوئاهەنگ لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ڕێزگرتنی دوولایەنە دەڕەخسێنن. لێرەوە بانگەواز دەکەین کە دەرفەتەکانی گفتوگۆ ئامرازێک بن بۆ فێربوون و گەشەسەندنی بەکۆمەڵ و لەو ڕەفتارانە دوور بکەینەوە کە ڕێگرن لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەرزە.

مامۆستای بنەماکانی پەروەردە لە کۆلێژی پەروەردەی کچان لە قاهیرە لە زانکۆی ئەزهەر.