تەندروستی جەستەیی؛ گەورەترین وەبەرهێنان

بەگشتی کەمتر گوێ بە خەرجکردنی پارە بۆ خۆراک، جلووبەرگ، نیشتەجێبوون، خوێندن، یان ئۆتۆمبێل دەدەین چونکە، دەزانین ئەمانە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانن. بەڵام، هەندێک جار لەوانەیە دوودڵ بین کاتێک بابەتەکە دێتە  سەر وەبەرهێنان لە تەندروستی خۆماندا.

من وەک تاکێک و دەرمانسازێک، تەندروستی وەک «خەرجی» نابینم، بەڵکو بە یەکێک لە بەنرخترین «وەبەرهێنانەکان»ی دەزانم کە مرۆڤ بتوانێت ئەنجامی بدات. ئەو کات، هێز و پارەیەی کە لە پێناو وەرزشکردن، چاودێریی پێشوەختە و خواردنی تەندروستدا خەرجی دەکەین، لە داهاتوودا بە شێوازی باشتر لە ڕووی باشتربوونی ژیان، دڵخۆشی زیاتر، بەرهەمداریی زیاتر و کەمبوونەوەی تێچووەکانی چارەسەری پزیشکی بۆمان دەگەڕێتەوە.

هیچ سیستمێکی تەندروستی لە جیهاندا  بە کەرتی حوکمی و تایبەتەوە هەرچەندیش باش و پێشکەوتووبێت ناتوانێت جێگەی «بەرپرسیارێتیی کەسی» بگرێتەوە. چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی گەورەترین بەرپرس و سوودمەندە خوودی خۆمانین. کاتێک خزمەتگوزاری و دەرمان بە تەواوی بێبەرامبەر دەکرێن، زۆرجار وەک شتێکی بێبایەخ سەیر دەکرێن و مرۆڤ لە گرنگییەکەی تێناگات. بە بۆچوونی من بوونی تێچوویەکی گونجاو وا دەکات مرۆڤ بەهای چاودێرییەکە بزانێت و زیاتر پابەند بێت.

تەندروستی بابەتێک نییە تەنیا کاتێک نەخۆش دەکەوین بیری لێ بکەینەوە، بەڵکو پڕۆژەیەکە هەموو ڕۆژێک وردە وردە  بوونیادی دەنێین لە ڕێگەی شێواز و بڕیارەکانمان بۆ خواردن ، خواردنەوە ،جووڵەو و پابەندبوونمان بە ڕێنمایەکانی خۆپاراستن لە بەستنی قایشی ناو ئۆتۆمبێل تاوەکوو وەرزش کردن و پاراستنی ژینگە… هەر یەکێک لە ئێمەش گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕێت لە دیاریکردنی دەرەنجامە درێژخایەنەکانی تەندروستی خۆیدا.

دەرمانساز و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە دەرمانسازیدا لە زانکۆی سلێمانی. هاوشانی کارەکەی لە بواری تەندروستیدا، بەشدار بووە لە کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، فێرکردنی زمان و وەرگێڕانی کتێبی منداڵان کە کار دەکەن لەسەر گەشەپێدانی بەهاکان و بنیاتنانی کەسایەتی منداڵ. خولیاکانی بریتین لە تەندروستی، زمان، کولتوور، و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.