بنیاتنانی شارستانییەت: لە نێوان هۆکارەکانی مانەوە و لە ناوچووندا / یەکەم

با بابەتەکەمان بە شێوازێکی داهێنەرانە دەست پێبکەین و گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا بکەین دەربارەی ئەو شارستانییەتانەی کە فەوتاون و لەناوچوون، هۆکارەکانی ڕووخانیان چی بوو؟ بۆچی لە لووتکەی هێزیاندا هەرەسیان هێنا؟ کەواتە خوێنەری هێژا، کەمێک لە کاتی خۆتم پێ ببخشە و لەگەڵم ورد ببەرەوە؛ چونکە ئەوەی دەیخەمە ڕوو، دەرەنجام و هەڵێنجان و توێژینەوەیە لە لاپەڕەکانی مێژوودا. من وام داناوە کە پرسیارێکم ئاراستەی “زەمەن” کردووە لە ڕێگەی گفتوگۆیەکەوە لەگەڵیدا و داوام لێی کردووە کە ژیانی گەلان و دۆخی ئەوانم بۆ ڕوون بکاتەوە لە نێوان بنیادنان و پێشکەوتن، ستەمکاری و لاداندا، مەبەستم لە لادان: لادانی فیکری، وونبوونی شوناس و ملکەچبوونە لەبەرانبەر دەسکەوت و سوودە کەسییەکاندا و نا دادیی و ستەمکاریی. ئەم بابەتە گێڕانەوەیەکی گفتوگۆییە کە ئامانج لێی ڕێنماییکردنی فیکری مرۆڤایەتی هاوچەرخ و ڕوونکردنەوەی چەمکی شارستانییەتە، لەگەڵ داڕشتنی بیرۆکەیەکی ڕاست و دروست سەبارەت بە پێناسەی شارستانییەت و چۆنیەتی بەدیهاتنی، هۆکارەکانی مانەوە و هۆکارەکانی هەرەسهێنانی و جیاوازی نێوان شارستانییەت و شارستانییەتی پێشکەوتوو. ئێستاش ڕێگەم پێبدەن بچمە ناو قووڵایی و کرۆکی بابەتەکەوە.

چەمکی شارستانییەت ئاماژەیە بۆ ئەو ئاستی پێشکەوتن و گەشەسەندنەی کە کۆمەڵێک مرۆڤ لە لایەنە جیاجیاکانی ژیانیاندا پێی گەیشتوون. بە زمانێکی سادە، دەکرێت بگوترێت شارستانییەت بریتییە لە: هەرچییەک مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە سیستم، بیرۆکە، بەها و پێوەرە ماددی و مەعنەوییەکان بۆ ڕێکخستن و پەرەپێدانی ژیانی. شارستانییەت بریتییە لە ئەخلاق، زانست، ڕۆشنبیری، ئاوەدانی، گەشەسەندن و هاوچەرخبوون.

توخمەکانی شارستانییەت چەندین لایەنی مرۆیی پێکەوە بەستراو دەگرێتەوە، لەوانە:

  • لایەنی ماددی: وەک تەلارسازی ، تەکنەلۆجیا، ئامێر و پیشەسازییەکان.
  • لایەنی ڕۆشنبیری: وەک زانست، فەلسەفە و خوێندن.
  • لایەنی کۆمەڵایەتی: وەک یاساکان، سیستمەکان، دابونەریت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
  • لایەنی کولتوری: وەک زمان، ئەدەب، هونەر، شێوازی مامەڵەکردن و ئەخلاق.
  • لایەنی سیاسی: وەک سیستمەکانی فەرمانڕەوایی و کارگێڕی، ئاسایش، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان.
  • لایەنی ڕۆحی و ئیمانی: شارستانییەتی بێ بڕوا و ئیمان، ژیانێکی بێ ئامانج و بێ پەیام دەبێت، بۆیە دەبێت مرۆڤ بە پەروەردگار و دروستکەری خۆیەوە ببەسترێتەوە.

ئەمەش پێناسەی هەندێک لە زاناکانە:

ئیبن خەلدون پێی وایە شارستانییەت بریتییە لە ئاوەدانی مرۆیی و ئەو جێگیربوون و ڕێکخستنی ژیانەی کە پێوەی بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا ئارنۆڵد تۆینبی بەوە پێناسی دەکات کە بریتییە لە وەڵامدانەوەی مرۆڤ بۆ ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

کەواتە شارستانییەت تەنها ئەندازیاریی بیناکاری یان پیشەسازیی تەکنەلۆجیا نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانی گشتگیرە کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی مرۆڤە لە ڕووی فکری، ماددی، ئەخلاقی و باوەڕییەوە. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە پێشەنگ و نموونە بۆ ئەوانی تر، ئەوانەی لە دوای ئەو دێن سوودی لێ وەربگرن و ببێتە نموونەیەک کە شانازیی پێوە بکرێت یان ڕەنگە ببێتە بابەت و ڕێچکەیەک کە تۆمار بکرێت. بۆیە، شارستانییەتەکان بە درێژایی مێژوو لەسەر هێز یان لەسەر ئەخلاق، بە تەنها بنیات نەنراون. بەڵکو لەسەر هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان ئەو بەهایانەی کە ڕەفتارەکان ڕێکدەخەن و ئەو دەسەڵاتەی کە ژیان ڕێکدەخات بنیات نراوە. بەڵام ئەم هاوسەنگییە لە زۆرێک لە کاتەکاندا فشەڵ بووە، یان ئەوەتا هێز زاڵ دەبێت و دەگۆڕێت بۆ ستەمکاری، یان بەهاکان لاواز دەبن و شارستانییەتەکە کرۆکی خۆی لەدەستدەدات. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە دێتە ئاراوە:

ئایا ئەخلاق بنەمای مانەوەی شارستانییەتەکانە؟ یان ستەمکاری دەکرێت هەندێک جار ئامرازێک بێت بۆ بنیاتنانیان؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ڕێگەم بدە باسی هەندێک لە شارستانییەتەکانت بۆ بکەم و بزانین لە چیدا تایبەتمەند بوون؟

لە سەرەتادا با نموونەی ئەو شارستانییەتانە وەربگرین کە لەسەر بنەمای ئەخلاق دامەزران و مانەوە:

١. شارستانییەتی ئیسلامی:

 شارستانییەتی ئیسلامی نموونەیەکی بێهاوتای نواند لە کۆکردنەوەی نێوان ئەخلاق و هێزدا، ئەوەی جیای دەکردەوە دادپەروەری بوو لە حوکمڕانیدا، ڕێزگرتن لە زانست و زانایان و لێبووردەیی ئاینی لە قۆناغەکانی گەشەسەندنیدا. لەسەردەمی هاوەڵی بەڕێز عومەری کوڕی خەتتابدا، دادپەروەری بەهایەکی ناوەندی بوو وە هەموومان ئەو وتە بەناوبانگەی ئەومان لەبەرە کە دەڵێت ( لە کەیەوە خەڵکتان کردووە بە کۆیلە، لەکاتێکدا دایکەکانیان بە ئازادی ئەوانیان هێناوەتە دنیاوە؟)  کە ئەمەش بووە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەسەندن.

٢. شارستانییەتی ئەندەلوسی:

 لە ئەندەلوسدا زانست و هونەرەکان گەشەیان کرد بەهۆی پێکەوەژیانی نێوان ئاینەکان و کرانەوەی ڕۆشنبیری و پاڵپشتیکردنی زانست، ئەمەش بووە هۆی بەردەوامبوونی بۆ چەندین سەدە، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان و پیلانگێڕییەکان و لێکترازانە ناوخۆییەکان.

پاشان با باسی ئەو شارستانییەتانە بکەین کە لەسەر بنەمای هێز و ستەمکاری دامەزران و لەناوچوون و فەوتان، کە هیچ دەسکەوتێکیان نەبوو بێجگە لە دەرخستنی هەڵە و کەموکوڕییەکانیان:

١. ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی: سەرەڕای مەزنییە سەربازییەکەی، بەڵام گەندەڵی سیاسی، ستەمی کۆمەڵایەتی و فراوانخوازیی لەڕادەبەدەر و بێ پاساو، هەموویان ئەو هۆکارانە بوون کە بوونە هۆی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە شێوەیەکی پلەبەندیی.

٢. ئەڵمانیای نازی: پشتی بە هێز و زۆرداریی دەبەست لەژێر سەرکردایەتی ئەدۆڵف هێتلەردا، بۆیە ئازادییەکانی سەرکوت دەکرد و ڕەگەزپەرستی باڵادەست بوو.  لە ئەنجامی فراوانخوازیی دوژمنکارانەدا، سەرەنجامەکەی وێرانکارییەکی گشتگیر و کەوتنێکی خێرا بوو دوای جەنگی جیهانی دووەم.

پێشتر پرسیارێکمان لە مێژوو کرد: ئایا زۆرداریی دەتوانێت شارستانییەت بنیاد بنێت؟

وەڵام: ڕەنگە زۆرداریی جۆرێکی لێکچووی  شارستانییەت بنیات بنێت، چونکە بەوە جیادەکرێتەوە کە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان و بڕیارداندا خێرایە. بەڵام لەرزۆکە و بناغەکەی هەرەس دەهێنێت؛ چونکە بەدەست نەبوونی دادپەروەری، کوشتنی داهێنان و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت. لەبەر ئەوەش ڕەنگە ڕووکەشی شارستانییەتەکە بنیاد بنێت، بەڵام زامنی بەردەوامبوونی ناکات.

ڕاهێنەری نێودەوڵەتی و پسپۆڕی بواری ڕاهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی، خاوەنی زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەزموونە لە گەشەپێدانی تاک و دامەزراوەکاندا، کە تێیدا لە ڕێگەی پرۆگرامە ڕاهێنانەکان و دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکانەوە بەشداربووە لە دروستکردنی کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرفراوان. ئەزموونی پیشەیی • پێشکەشکردنی سەدان خول و وۆرکشۆپی ڕاهێنان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق. • ڕاهێنان بە هەزاران بەشداربوو لە چین و توێژ و بوارە جیاوازەکان. • ئامادەکردن و پێگەیاندنی سەدان ڕاهێنەری پیشەگەر (پڕۆفیشناڵ). • بەشداریکردن لە کۆنفرانس و سیمینارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا. بڕوانامە و پێگەی زانستی • پسپۆڕ لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی. • بڕوانامەی ئەندازیاری مرۆیی (ئەرگۆنۆمیکس) لە زانکۆی مووسڵ بە پلەی نایاب. بڕوانامە پیشەیییەکان بڕوانامەی ڕاهێنانی پەسندکراو (معتمد) لەلایەن دامەزراوە ئەکادیمی و پیشەیییەکانەوە: • ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدان و ڕاهێنان. • سەنتەری عێراقی بۆ داهێنان و گەشەپێدان. هەندێک لە پۆستە سەرکردایەتییەکان • سەرۆکی نووسینگەی عێراقی پەرلەمانی نێودەوڵەتی زانایانی گەشەپێدانی مرۆیی. • جێگری سەرۆکی تۆڕی باڵیۆزانی دار السلام. • جێگری سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق – لقی هەولێر. دەستکەوتەکان • وەرگرتنی زیاتر لە ١٠٠ سوپاس و پێزانین لەلایەن لایەنە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە. • ئامادەیی و دەرکەوتنی بەرفراوانی میدیایی لە ڕێگەی کەناڵە ئاسمانییەکان و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە.