گرنگیی هۆشیاریی دارایی بۆ تاک و خێزان

لە جیهانی نوێدا بەڕێوەبردنی سامان گرنگترە لە خودی ئەو بڕە سامانەی کە وەک داهات دێتە دەستی تاک، هەربۆیە هۆشیاریی دارایی بووەتە بەهرەیەکی پێویست بۆ دوورکەوتنەوە لە کەوتنە ناو تەڵەی هەژاریی و یەکێکە لە گرنگترین کارامەییەکانی ژیان لە ناو سیستمی سەرمایەداریدا. لێکۆڵینەوە زانستیەکان ئەوە پشتراست دەکەنەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان هۆشیاری دارایی و هەژاریدا. هۆشیاریی دارایی واتە توانای تێگەیشتن، هەڵسەنگاندن و بەکارهێنانی زانیاریی دارایی بۆ ئەوەی بتوانیت بڕیاری دروست بدەیت لەسەر داهات، خەرجی، پاشەکەوت، قەرز، ڕێژەی قازانج و مەترسییەکانی وەبەرهێنان.

هۆشیاریی دارایی تەنها زانیاری نییە؛  OECD(ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری) پێناسەی هۆشیاریی دارایی بە تێکەڵەیەک لە ئاگاداری، زانست، کارامەیی، هەڵوێست و ڕەفتار دەکات کە یارمەتی تاک دەدات بڕیاری دارایی هۆشیارانە بدات و پلانێکی تۆکمەتر بۆ داهاتوی دارایی  خۆری دابڕێژێت و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

ئەم پێناسەیە و تێگەیشتن لێی گرنگە، چونکە پیشانیدەدات کە زۆرجار کێشەی دارایی تاک و خێزان تەنها لە کەمی داهاتدا نییە، بەڵکو “کەمی زانیاری، کارامەیی و بێپلانی” واییکردووە کە تاک و خێزان لە هێڵی هەژاری نزیکببنەوە. لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە هۆشیاریی دارایی جۆرێکە لە سەرمایەی مرۆیی نیشتمان و وادەکات تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ڕووی داراییەوە هۆشیارتربن و ژیانکی باشتریان هەبێت و کەمتر پشت بە حوکمەت ببەستن و توانای ئەوەیان هەبێت کە داهاتەکەیان بەباشی بەکاربهێنێت. 

ئەمەش پاڵنەر دەبێت بۆئەوەی تاکی هۆشیار لەڕووی داراییەوە هەڵەی دارایی کەمتر بکات، لە رێژەی قازانج ومەترسییەکانیشی تێبگات و گونجاوترین جۆری وەبەرهێنان هەڵبژێرێت بۆ قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی، هەر ئەمە کاریگەریی ئەرێنی ڕاستەخۆی هەیە لەسەر خۆشگوزەرانیی تاک و خێزان. ئەم توێژینەوە زانستییە لەوبارەیەوە دڵنیایی  دەدات Lusardi, Mitchell (2014). 

لە ڕاپۆرتێکی OECD/INFE 2023دا دەرکەوتووە ئەو کەسانە کە ئاستی هۆشیاریی داراییان باشە، بە تێکڕا ١٠٪  لە ڕوی دارایەوە خۆشگوزەرانترن و ١٥٪  زیاتر بەرگەی تەنگەژە داراییەکان دەگرن، بەراورد بەوانەی کە ئاستی هۆشیاریی دارایییان کەمترە. ئەمە واتە وشیاری دارایی دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر ئارامی، فشاریا دارایی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و قەیران.

لە عێراق و ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی دارایین کەمتر گەشەی کردووە، هۆشیاریی دارای گرنگی زیاتری هەیە، هەر بۆیە لە پلانی ستراتیژیی گشتگیری دارایی عێراقدا 2025–2029، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، “پاراستنی بەکارهێنەر و هۆشیاریی دارایی” وەک یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی سیستەمی دارایی دیاریکراوە. هەمان بەڵگەنامە ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق پێویستی بە خزمەتگوزاریی دارایی گونجاو هەیە کە تێچووی کەم بێت و لەگەڵ بەها ئاینی و کەلتورییەکانی عێراقییەکاندا هاوتەریب بێت.  

بۆ هاوڵاتییانی عێراق و هەموو ئەو کەسانەی کە لە وڵاتێکدا دەژین کە سیستمی دارایی و داد تێیدا وەک پێویست گەشەی نەکردووە و دەوڵەت وەک پێوسیت بەرپرسیارێتیی دارایی ئێستە و داهاتووی هاوڵاتییانی نەگرتوەتە ئەستۆ، لەم هەل و مەرجەدا بەرپرسیارێتیی دارایی تاک و خێزان بۆ ئێستە و داهاتوو دەکەوێتە ئەستۆی خۆدی خۆیی دەبێت کەمتەرخەم نەبێت لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییە، لەناویشیاندا، بەرپرسیارێتی پاشەکەوت و پلانی دارایی و وەبەرهێنان بۆ خانەنیشینی و حاڵەتی لە ناکاو، خێزان، تەندروستی و خوێندن. 

بێگومان یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیارێتییە بە هۆشیاریی دارایی دەستپێدەکات. و هۆشیاریی دارایی بە سێ هەنگاوی سەرەتایی و کاریگەر دەست پێدەکات:

 یەکەم: هەبوونی پلانی دارایی کە گونجاوبێت لەگەڵ ژیانی ئەو کەسە.

 دووەم: تێگەشتنێکی ڕاوس و زانستی لە مەترسی و قازانجی  وەبەرهێنان.

 سێیەم: جێبەچێکردنی ئەو پلانە دارایەیی کە داتناوە بۆ ژیانت (لە خاڵی یەکەمدا) زۆربەی تاک و خێزانم لە جێبەجێکردنی پلانی دارای شکست دێنن و دەکەونە مەترسی هەژاریەوە. 

هەنگاوی کردەیی:

گرنگە هەموو تاک و خێزانێک پرسیارێک لەخۆی بکات : “ئایا مەترسیی هەژاربوون و تەنگەژەی دارایی لەسەر من و خێزانەکەم چەندە، ئەگەر کارەکەم لەدەست بدەم یان تووشی نەخۆشیی درێژخایەن ببم؟”

 وەڵامەکەی روونە، یەکەم هەنگاو بۆ دوورکەوتنەوە لە هەژاری بریتیە لە هۆشیاریی داریی، وە دەئەنجامی هۆشیاری دارایی دەبێت هەنگاوێکی کردەیبێت، کە بریتیەلە وەبەرهێنان.  

دکتۆر سۆران سادق کەسایەتییەکی دیاری بواری دارایی، ئەکادیمی و کارسازە کە زیاتر لە پانزە ساڵە لە پێناو گەشەپێدانی هۆشیاریی دارایی و گشتگیریی دارایی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات. لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) خوێندنی تەواو کردووە، توانوویەتی پیشەیەک بونیاد بنێت کە بەستەرێک بێت لە نێوان زانیاریی ئاڵۆزی ئەکادیمی و ئەزموونی پراکتیکی لە بوارەکانی دارایی، هۆشیاریی دارایی و وەبەرهێناندا، ئەمەش بینینێکی دەگمەنی پێبەخشیوە سەبارەت بە هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکیی گەشەپێدانی دارایی لە عێراقدا. دکتۆر سادق ئێستا مامۆستای باڵایە لە بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەوێ وانە دەڵێتەوە. لە سەرەتای ژیانی ئەکادیمییدا، مامۆستا بووە لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ژمێریاری و دارایی، و بڕوانامەی ماستەری لە دارایی لە زانکۆی پۆرتسمۆس لە بەریتانیا بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچووە، وە لە تێزی دکتۆراکەیدا توێژینەوەی لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن گشتگیریی دارایی، هۆشیاریی دارایی و دارایی بچووک (مایکرۆفاینانس) دەکرێت وەک ئامرازێک بەکاربهێنرێن بۆ ڕێگری لە هەژاری. هەروەها ئه‌ندامی ئه‌كادیمیی دەستەی ACCAـیە (ACCA Affiliate). لە پەنای کارە ئەکادیمییەکانیدا، دکتۆر سادق کارسازێکی چالاکە. لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆمپانیای مایکرۆفاینانسی دامەزراند بۆ هاندانی وەبەرهێنانی مانگانەی ڕێکخراو، کە زیاتر لە ٤٠٠ قەرزی بۆ ماڵان و بازرگانییە بچووکەکان ئاسانکاری بۆ کرد، و لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە سەرکەوتوویی کۆمپانیاکەی فروشت. لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا کۆمپانیای (Mastermind Business)ی دامەزراند، کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانە و خزمەتگوزاریی دارایی سازگار لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا بۆ بازرگانی، ئۆتۆمبێل و خانوبەرە پێشکەش دەکات، لەگەڵ خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی دارایی و دەرفەتی وەبەرهێنانی دارێژراو کە ئامانجیان بەدەستهێنانی قازانجی بەرزە بە کەمترین مەترسی بۆ وەبەرهێنەرە بچووکەکان. هەروەها دکتۆر سادق زیاتر لە دە ساڵە وەک ڕاوێژکاری دارایی و بازرگانی کاری کردووە، و ڕاوێژی بە زیاتر لە ٥٠٠ کۆمپانیای قەبارە جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا داوە لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی دارایی، وەبەرهێنان و ژمێریاریدا. بە بەردەوامی وۆرکشۆپ لەسەر هۆشیاریی دارایی بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە تەواوی هەرێمەکەدا ڕێکدەخات. وەک سەرنووسەری بەشی بازرگانی و دارایی لە (Diyalogname)، ئامانجی سەرەکیی دکتۆر سادق یارمەتیدانی بڵاوکردنەوەی بەربڵاوتری هۆشیاریی داراییە، بۆ ئەوەی خوێنەران بەو زانیارییانە چەکدار بکات کە پێویستن بۆ تێگەیشتنی باشتر و بەڕێوەبردنی دارایی کەسی و بازرگانییان.