پەروەردە، بەدەر لە تەنها ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری ئامادە لەڕێگای مەنهەجێکی دیاریکراوەوە، بریتییە لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئاگایی مرۆڤ و ئەو واقیعەی تیایدایە. واتە، دامەزراوەیەکە تیایدا تاکەکان بەر بیرۆکە جیاوازەکان دەکەون، گریمانەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، دانوستان دەکەن و فێردەبن چۆن لەگەڵ جیاوازییەکاندا بژین، بەڵام بەشێکی پەروەردەی وڵاتی ئێمە هێشتا لە ڕێگەی لۆژیکی مۆنۆلۆگەوە بەردەوامە لە کاری خۆی. لە مۆنۆلۆگدا مامۆستا وەک تاکە خاوەنی ڕاستی و فێرخواز وەک دەفرێکی بەتاڵ تەماشا دەکرێت. هەربۆیە، گرنگە بزانین کاری ئەمڕۆی پەروەردە تەنها ئەوە نییە چۆن فێربوون کاریگەرتر بێت و دەرئەنجامەکان بە نمرە بەرزتر بن، بەڵکو چۆنییەتی گۆڕینی هاوکێشەی نێوان قسەکردن و گوێگرتنیشە.
مۆنۆلۆگ، بەهۆی ئەو وەهمی ڕێکخستن و کۆنترۆڵەی دروستی دەکات، لە ڕووکەشدا باش دەردەکەوێت. تیایدا مامۆستا خاوەنی زانستە و چاوەڕوان دەکرێت ئەوەی وتی لەلایەن فێرخوازەوە وەربگیرێت، تەنانەت زۆرجار سەرکەوتنی ئەکادیمیش بە توانای بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو زانیارییانە لەلایەن فێرخوازەوە دەپێورێت. لە سیستمێکی ئاوادا، بێدەنگیی پۆل بە هەڵە وەک ڕێکخراویی، گوێڕایەڵی بە فێربوون و لەبەرکردن بە تێگەیشتن لێکدەدرێتەوە. لە کاتێکدا پەروەردەیەک، کە لەسەر مۆنۆلۆگ بونیادنرابێت، فێرخوازێک بەرهەم دەهێنێت، دەزانێت چۆن وەڵامی ئامادەکراو بداتەوە، بەڵام فێر نەبووە چۆن پرسیاری مانادار دابڕێژێت. بەم جۆرە ڕێگە لە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە دەگرێت و واقیع وەک دیمەنێکی جێگیر و نەگۆڕ دەبینێت، نەک ئاسۆیەکی زیندووی پڕ لە کێشە، کە پێویستی بە شیکاری و لێکدانەوە و گۆڕانکاری بێت. کاتێکیش پۆلەکان لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکەن، ئیرادەی فێرخوازان لاواز دەکەن و پەروەردە دەکەنە ئامرازێکی نامۆبوون نەک ئازادی و ڕزگاری.
ئەم ڕەخنەیە لە شێوازە نەریتییەکانی فێرکردن، ڕەگی لە بیرۆکەکانی پەروەردەکار و فەیلەسوفی ڕەخنەگری بەرازیلی (پاولۆ فرێری) داکوتیوە. فرێری لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی (پێداگۆژیی ستەملێکراوان) بنەما تیۆرییەکەی لەسەر داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخواز دامەزراند، ئەو شێوازە نەریتی و مۆنۆلۆگییەی ناونا (مۆدێلی بانکی لە پەروەردەدا)، پارادایمێکە تیایدا زانیاری وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و مامۆستا دەیخاتە ناو هۆشیاریی پاسیڤی (دەفری بەتاڵی) فێرخوازەوە، بە هەمان شێوەی دانانی پارە لە بانکێکدا و دەرهێنانی لەو کاتەدا کە پێویستە (لە کاتی تاقیکردنەوەدا).
لە بەرانبەر ئەمەدا، فرێری مۆدێلی دیالۆگی پەسەند کرد و لایوایە، دیالۆگ تەنها بە مانای پێدانی دەرفەتی قسەکردنی زیاتر نییە بە فێرخوازان، بەڵکو بە مانای ستایشکردنی فێرخوازە وەک بەشداربوویەکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی زانستدا. لە پۆلێکی لەم جۆرەدا، مامۆستا دەسەڵات لەدەست نادات، بەڵکو سروشتی دەسەڵاتەکە دەگۆڕێت و لە سەرچاوەیەکی تەنهای زانیارییەوە دەبێتە ئاسانکارێک. مامۆستا پرسیار یاخود بابەتێک دەخاتە ڕوو، ئیدی پێکەوە لەگەڵ فێرخوازان کێشەکە دەدۆزنەوە و لێکدانەوەی دەکەن، بۆ پەرەپێدانی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە باری کۆمەڵایەتی و فیکریی خۆیان.
گواستنەوە لە مۆنۆلۆگەوە بۆ دیالۆگ لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان و بواری پەروەردەدا کارێکی پێویستە و لە وڵاتی خۆمان کاری بۆ کراوە و دەکرێت لەڕێگای ئەو خولانەی وانەوتنەوەی مامۆستایان ئاراستە دەکەن لە قوتابخانەکاندا، لە هەمان کاتدا خولی ڕێگاکانی وانەوتنەوە (پێداگۆجی) بە مامۆستایانی زانکۆ. بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی هاوچەرخدا گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا و زانیارییەکان جیهانیان تەنیوە، گواستنەوەی زانیاری و ڕاستییەکان بەتەنها زانست ناتەواو و بەسەرچوو دەکەن. لە بەرانبەردا دیالۆگ فێرخوازان و مامۆستایانیش بە وردبوونەوە و شیکاریی قوڵ ڕادەهێنێت، کە پێویستن بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخ و ڕووداوە هەمەچەشنەکان و کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکان. ژینگەیەک دروست دەکات، کە دەسەڵاتی فیکری لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی کراوەوە بەدەست دێت، نەک بەهۆی پێگەوە ببەخشرێت. لەم پۆلانەدا، کە فێرخوازان بۆ قسەکردن، گوێگرتن، گفتوگۆ و بەرگریکردن لە دیدگاکانیان هاندەدرێن، بەدەر لە تەنها زانیاری ئەکادیمی، ڕۆحیەتی هاوڵاتیبوونیش لەنێو فێرخوازاندا دەچێنرێت.
واتە، ئایندەی پەروەردە، هاوسەنگییە لە نێوان گوێگرتن و قسەکردندا. دامەزراوەیەکی پەروەردەیی شایستە لە سەدەی بیست و یەکدا، بەتەنها فێری فێرخوازان ناکات (بیر لە چی بکەنەوە)، بەڵکو (چۆن بیر بکەنەوە، چۆن گوێ بگرن، چۆن پرسیار بکەن و چۆن لەگەڵ ڕای جیاوازدا بژین). دروستکردنی فەزاش بۆ ئەم گفتوگۆ وردانە، پەروەردە وەک هێزێکی بەردەوام و زیندوو بۆ ڕزگاریی فیکری دەهێڵێتەوە، هێزێک کە ڕێگە بە تاکەکان دەدات نەک تەنها لە جیهانی دەوروبەریان تێبگەن، بەڵکو چالاکانە بەشداربن لە داڕشتنەوەی ئایندەی ئەو جیهانەشدا. لە کۆتاییدا، بەهێزترین پۆل ئەو پۆلە نییە تیایدا دەنگێک زاڵ بێت، بەڵکو ئەو فەزایەیە تیایدا کۆمەڵێک دەنگی جیاواز فێردەبن چۆن پێکەوە بیربکەنەوە و ڕەخنە بگرن و گۆڕانکاری دروست بکەن.











سەرنجێک بەجێبهێڵە