لە جیهانی خێرا و پڕ لە ژاوەژاودا کە تێیدا تەکنەلۆژیا پەیوەندییەکانی کۆنترۆڵکردووە، زۆرجار بەهای ڕاستەقینەی ئاخافتن لە بیردەکەین. مرۆڤ بە سروشتی خۆی لە ڕێگەی زمان و قسەکردنەوە گەشە دەکات، وە هەر گفتوگۆیەک کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەنجامی دەدەین هەندێکیان کورت و ڕووکەشین، وە هەندێکی تریان قووڵ و پڕ لە مانان. ئێمە ڕۆژانە چەندین گفتوگۆی جیاواز دەکەین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە زۆرجار تەنها بۆ ئەوە دەدوێین تا قسەی خۆمان بسەلمێنین، نەک بۆ ئەوەی گوێ بگرین و فێربین.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، لە کاتێکدا لەگەڵ کەسانی تردا دەدوێین، کورتکراوەی ئەزموونی ژیانی یەکتر بەش دەکەین. مرۆڤەکان وەک پەرتووکی زیندوو وان؛ کاتێک گوێیان لێ دەگریت، لاپەڕەکانی تەمەنیان دەخوێنیتەوە. ئەوەی خۆمان دەیزانین تەنها دووبارەکردنەوەی ڕابردوومانە، بەڵام ئەوەی لە بەرامبەرەوە دەیبیستین، دیدگایەکی نوێیە.
لەلایەکی تریشەوە پێویست ناکات گفتوگۆکان هەمیشە گەرموگوڕ و هاوڕا بن؛ زۆرجار بەنرخترین ئەزموون لەو گفتوگۆیانەدا دێت کە تێیدا ڕووبەڕووی جیاوازیی بیروڕا دەبینەوە. ناکۆکییەکان فێری ئارامگرتن و هونەری گوێگرتنمان دەکەن. هەندێک گفتوگۆ زانیاریمان پێدەدەن، و هەندێکی تریشیان تەنها فێرمان دەکەن چۆن نەبین.
لە ڕاستیدا، زمان تەنها ئامڕازێک نییە بۆ قسەکردن، بەڵکو پردێکە بۆ گەورەبوونی ناخی ئێمە. کاتێک بەم دیدگایەوە تەماشای دەوروبەرمان دەکەین، تێدەگەین کە هیچ مرۆڤێک بە ڕێکەوت نایەتە سەر ڕێگامان؛ یان دەبێتە هاوڕێمان، یان دەبێتە دەرسێک بۆ ژیانمان. لێرەوە دەبینین کە هەر گفتوگۆیەک مامۆستایەکە و پەنجەرەیەکی نوێ بە ڕووماندا دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ ئەو هۆشیارییەیە کە لە ئەزموونی ئەوانی ترەوە وەریدەگرێت. مرۆڤی زیرەک و تێگەیشتوو ئەو کەسەیە کە لە هەموو دانیشتن و ئاخافتنێکدا بە دوای دۆزینەوە ئەو (وانە شاراوەیە)دا دەگەڕێت. ئەگەر بەم دیدگایەوە گوێ لە دەوروبەرمان بگرین، ئەوا دەبینین هیچ گفتوگۆیەک بێ وانە نییە.











سەرنجێک بەجێبهێڵە