ئاشتی وەک بیرۆکەیەکی نموونەیی لە جیهانێکی نانموونەییدا.

بەدیهێنانی ئاشتیی جیهانی بووەتە یەکێک لە ئامانجە باڵا مرۆییەکان کە هەموو کۆمەڵگاکان لە سایەی سیستەمی جیهانیی هاوچەرخدا هیوای بۆ دەخوازن. ئاشتی وەک دەرەنجامێکی سروشتیی گەشەکردنی کۆمەڵگاکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی ململانێ نیشان دەدرێت، هەر وەک بڵێی گەیشتن پێی تەنها مەسەلەی کات یان تەنها ویست بێت.

بەڵام ئەم تێڕوانینە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی، ڕەنگە هێندەی ئەوەی دڵنیایی بەخش بێت، چەواشەکارانەش بێت. چونکە ئەو جیهانەی کە ئێمە داوای ئاشتی تێدا دەکەین، لەسەر بنەمای سیستەمێکی بێلایەن یان هاوسەنگ دانەمەزراوە، بەڵکو فەزایەکە کە تێیدا ناکۆکییەکان و جۆرەکانی ناسەقامگیری بە شێوەیەکی بەردەوام دێنە ئاراوە.

لێرەوە وادەردەکەوێت کە بابەتی “خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی”، سەرەڕای سەرنجڕاکێشییەکەی، چاوپۆشی لە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزتر دەکات کە حوکمی واقیعی هاوچەرخ دەکات. چونکە چیتر هەڵوێستە لەسەر ئەو مەرجە بنەڕەتییانە ناکرێت کە دەبنە هۆکاری بەدیهێنانی ئاشتی ، وەک: هاوسەنگی لە بەرژەوەندییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بوونی دامەزراوەیەک کە توانای بەڕێوەبردنی ململانێکانی هەبێت. هەربۆیە لە دەرەنجامی نەبوونی ئەم مەرجانەدا، ئاشتی زیاتر وەک بیرۆکەیەکی هەڵواسراو دەمێنێتەوە نەک وەک دۆخێکی جێگیر و بوونیادنراو.

نەبوونی ململانێکان بە شێوەیەکی دیار و ئاشکرا بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین ئاشتی بەدی هاتووە. نابێت دیمەنەکانی ئارامی و بێدەنگی بمانخەڵەتێنن، لە کاتێکدا لەناو جەرگەی کۆمەڵگاکاندا جۆرەها ناهاوسەنگیی کەم بینراو بەڵام قووڵتر و کاریگەرتر بەردەوام بن؛ وەک ستەم، پەراوێزخستن و نادادپەروەری، تا دەگاتە بەردەوامیی جیاوازییە چینایەتییەکان و گەشەکردنی هزری توندڕەوی بە هەموو شێوە سەرکوتکارییەکانییەوە. ئەم دیاردانە وون نابن، بەڵکو خۆیان حەشار دەدەن و وەک پشکۆی ژێر خۆڵەمێش وان، ئەمەش وادەکات قسەکردن لەسەر ئاشتی زۆر ئاڵۆزتر بێت لەوەی کە دەردەکەوێت، و لە ئەنجامدا دەبێتە بیرۆکەیەک و چەمکێکی واتایی کە زیاتر بەکاردەهێنرێت وەک لەوەی هەستی پێ بکرێت.

بەم شێوەیە، قووڵترین لایەنی کێشەی ئاشتی لە جیهاندا دەردەکەوێت، کە خۆی لەو کەلێنە قووڵەی نێوان گوتار و واقیعدا دەبینێتەوە، لەگەڵ نەبوونی زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنەکاندا کە بتوانرێت لێیەوە دەستپێبکرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییانەی بەرەو پێکدادان دەچن. ئەمانەش بارودۆخێکن کە ئەنجامەکانیان لەناو کۆمەڵە یاسا و نەریتێکی مێژووییدا بەڕێوەدەبرێن، کە زۆربەی کات لەسەر بنەمای جیاوازیی بنەڕەتی لە دیدگا و بەرژەوەندییەکاندا دامەزراون.

لێرەوە، کێشەکە لە “سەختیی بەدیهێنانی ئاشتیدا” نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئاشتی بە شێوەیەکی ڕەها و بێ‌ئەملاو ئەولا، توانای بەدیهاتنی نییە. هەنگاوی یەکەم لە ڕێگەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەم واقیعەدا، ئەوەیە کە چیتر پرسیاری “چۆن دەگەینە ئاشتی؟” نەکەین، بەڵکو بگۆڕێین بۆ پرسیارێکی ئاڵۆزتر: “چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا بکەین کە گرژی و ئاڵۆزی، بارێکی لەناکاو و نائاسایی نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە خودی پێکهاتەی ئەم جیهانە؟”.

لێرەوە تێدەگەین کە ئاشتی، وەک ڕێڕەوێکی کراوە، پێویستی بە هەوڵێکی چەندقات هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی ناسک و نیان لە نێوان ئەو هێزانەی کە بێوچان ناکۆکییەکان بەرهەم دەهێننەوە. بەڵام بیرۆکەی ئاشتیی ڕەها، زیاتر لە وێناکردنێکی نموونەیی (یۆتۆپی) دەچێت، کە بەدیهێنانی ئەستەمە لە سایەی ناهاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا ــ چ ئەوانەی دیارن و چ ئەوانەی شاراوەن ــ و هەروەها لە ژێر سایەی دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی نێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا.

ئایا دواجار ئاشتی وەک چەمک دەبێتە پەردەیەک کە ئاڵۆزییەکانی واقیع بشارێتەوە، یان ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبینەوە کە ئاشتی هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە کە ڕاهاتبووین وێنای بکەین؟

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە

ئامێز خەسرەو قادر

نوسەر و توێژەر لە بواری زانستە سیاسییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکاندا بە پلەی زۆرباشە لە زانکۆی لوبنانی. سەرقاڵی وانەوتنەوەی ئەکادیمییە لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و توێژینەوە و نووسینی فکریی. خاوەنی چەندین وتار و بڵاوکراوەیە لە بواری کۆمەڵایەتیدا. شێوازێکی شیکەرەوانە و رەخنەگرانەی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، وە خستنە ڕوویان بە شێوازێکی مەعریفی و سادە و پەیامدار.