دەنگی ئافرەت لە هەر کۆمەڵگەیەکدا تەنها دەنگی تاکێک نییە؛ دەنگی ئەو ئافرەتانەش دەبێت کە بۆ ساڵانێک دەرفەتی قسەکردنیان نەبووە. ئافرەتان لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵایەتین و بەشدارییان لە خوێندن، کار، پەروەردە، سیاست، کەلتور و بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان کردوە و توانیویانە بنەمای گۆڕانکارییەکی گەورەش بن. کاتێک ئافرەتێک لەسەر ئەزموونی خۆی دەنووسێت، لەوانەیە کچە خوێندکارێک هان بدات کە خەونی خوێندن و سەرکەوتنی هەیە؛ کاتێک مامۆستایەکی ئافرەت وشەیەکی هیوابەخش بە قوتابییەک دەڵێت، لەوانەیە ئەو وشەیە ساڵانێک لە یادیدا بمێنێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت؛ و کاتێک ئافرەتێک بە بوێری لەسەر ماف و ئازادییەکانی خۆی قسە دەکات، لەوانەیە ئافرەتانێکی دیکە فێر بن کە دەنگیان گرنگە و نابێت لە بێدەنگی خۆیاندا ون ببن. بۆیە پێویستە دەنگی ئافرەت نەک تەنها ببیسترێت، بەڵکو ڕێزی لێ بگیرێت و بەشداریکردنیی لە دروستکردنی بڕیار و داهاتووی کۆمەڵگەدا بە گرنگی دابنرێت. چونکە ئافرەتێک کە دەنگی خۆی دەهێنێتەوە، تەنها بۆ خۆی ڕێگا ناکاتەوە؛ ڕێگا بۆ ئەوانەش دەکاتەوە کە دوای ئەو دێن. دەنگی ئەو دەتوانێت لە ماڵێکەوە دەست پێ بکات، بە خوێندنگەیەک بگات، لە گۆڤارێکدا بڵاو بکرێتەوە و لە کۆمەڵگەیەکدا بیرکردنەوەیەکی نوێ دروست بکات. هێزی ڕاستەقینەی دەنگی ئافرەت: ئەوەیە کە وشەکان لە سنووری قسەکردن تێپەڕێنن و ببنە کردار، کردارەکان ببنە بیرکردنەوە، و بیرکردنەوەکان لە کۆتاییدا ببنە گۆڕانکاری. ئەم دەنگە وەک ڕووناکی مۆمێک وایە لە تاریکیدا؛ ڕەنگە لە گۆشەیەکی بچووکەوە دەست پێبکات، بەڵام توانای ئەوەی هەیە ڕێگای هەزاران کەسی تر ڕووناک بکاتەوە. کاتێک ڕێگا بۆ دەنگی ئافرەت دەکەینەوە، لە ڕاستیدا دەرگا بەرامبەر ئایندەیەکی دادپەروەرانەتر و ئارامتر بۆ هەمووان دەکەینەوە.

هاوبەشیکردن
ژیلا عەلی - سلێمانی
خوێندکاری قۆناغی سێی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی.






سەرنجێک بەجێبهێڵە