بڕیاری خودایە کە مرۆڤەکان ئازاد بن لە هەڵبژاردنی ئایین وئایینداریان، هەروەک چۆن بەجیاوازی دروستی کردوون لە زوبان و نەتەوە و ڕەگەزیاندا. ڕێگەی دروست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جیاوازی و فرەییەدا بریتییە لە لێبوردەیی و ڕازیبوون بەوەی خودا بڕیاری لێداوە.
لێبوردەیی هەڵوێستێکی دەروونی و هزرییە کە لەناختدا باوەڕت بۆ دروست دەکات ڕێز لە ئەوانی دیکە بگریت، دان بە جیاوازیەکاندا بنێیت و پانتایی هاوبەش بدۆزیتەوە بۆ کاری بەیەکەوەیی و خزمەتی گشتی. چاوپۆشی لەو خاڵانەدا بکەیت کە جیاتان دەکاتەوە و وەک تایبەتمەندیی ئەوانی دیکە لێی بڕوانیت.
کاتێک لێبوردەیی لاواز دەبێت پەیوەندیەکە دەگۆڕیت بۆ ململانێ و بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆری تاکی ئایندار، لەبچوککردنەوەی ئەوانی تردا، تا دەگاتە ڕادەی بە ئەهریمەنکردن و نەفرەتلێکردن. ئەمە نەریتێکی فیرعەونیە کە پێتوابێت ئەوانی تریش دەبێت وەک تۆ بیربکەنەوە (مَا أُرِيكُمْ إِلَّا مَا أَرَى وَمَا أَهْدِيكُمْ إِلَّا سَبِيلَ الرَّشَادِ) الغافر: ٢٩. واتە ” من تەنها هەر ئەو ڕاو بۆچوونه بەچاک دەزانم و لام پەسەندەکه پێم ڕاگەیاندن، من تەنها ڕێبازی چاک و دروستم نیشانداون” ئاساییە خۆت پێ ڕاست بێت و ئەوانی دیکە هەڵە، بەڵام دەبێت هەمان ماف بە ئەویش بدەیت خۆی پێ ڕاستبێت و لەبارەی تۆوە ئازادانە بیربکاتەوە. بۆئەوەی لەبارەی یەکترەوە بڕیاری هەڵە نەدەین پێویستە لەزاری یەکتر و ڕوبەڕوو یەکتر بناسین، ئیتر لێرەوە گفتوگۆی ئایینی دێتە ئاراوە، بۆئەوەی پانتاییەک بدۆزرێتەوە لە نێوان تۆ و ئەوانی دیکەدا بۆ کاری هاوبەش لە پێناو (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) المائدە: ٢. واتە ” یارمەتی و کۆمەکیی یەکتر بکەن لەسەر چاکەو خواناسی، نەکەن یارمەتی وکۆمەکی یەکتر بکەن لەسەر گوناه و دوژمنایەتی” کە ئایینی ئیسلام داوای هاریکاری لەم دوو بوارەدا دەکات: (البر) : واتە هەر بوارێک خزمەتی مرۆڤایەتی بکات. (التقوى) : هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە کە پاراستنی بەهاباڵاکان و سنورە پیرۆزەکانی خودایە. خۆ ئەگەر لەمەشیاندا جیاوازی لێکدانەوە هەبێت، لە (البر) دا هەماهەنگی و دەستی هاریکاری هەیە. کێ هەیە خێر و چاکەی برا مرۆڤەکەی نەوێت؟ کێ هەیە ڕێز و کەرامەت و شکۆی مرۆڤ نەپارێزێت ( وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) الاسراء: ٧٠. مەگەر کەسانێک کە مرۆڤبوون و ویژدانیان لەدەست دابێت.
کەواتە لێبوردەیی ئایینی دەستەبەری زۆر بەهای باڵامان بۆ دەکات، وەک ئازادی ئایینی (لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ ) البقرة:٢٥٦. واتە ” بەهیچ جۆرێک زۆر کردن نیه له وەرگرتنی بیروباوەڕی ئیسلامدا (دینداری بەزۆر نابێت بکرێت و دین بەزۆر نادرێت بەسەر کەسدا)، چونکه بەڕاستی ڕێبازی چاک و دروست؛ ڕوون و ئاشکرا بووه و جیابۆتەوه له گومڕایی و سەرکەشی”. و ئاشتی ناوخۆیی (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ادْخُلُوا فِي السِّلْمِ كَافَّةً) البقرە: ٢٠٨. واتە ” ئەی ئەوانەی ئیمان و باواڕتان هێناوه هەر هەمووتان خۆتان بخەنه ژێر سایەی ئیسلام و ئاشتییەوە ” و پاراستنی پیرۆزیەکان (َلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيرًا) الحج:٤٠. واتە ” خۆ ئەگەر خوا خەڵکی نەدا بەیەکداو حەق دژی بەتاڵ نەوەستێت، هەرچی شوێنی خواپەرستی جوولەکه و گاور هەیه له خەڵوەتگه و کڵێساو کەنیسە، هەروەها مزگەوتانیش کەناوی خوای زۆر تێدا دەبرێت، هەمووی کاول دەکرێت” و پاراستنی مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی مافی هاوڵاتیبوون کە دڵسۆزی تاک دەگوازێتەوە بۆ بازنەگەورەکەی نیشتمان و برایەتی مرۆڤایەتی لەبری شارچێتی و تائیفەگەری. لێرەوە ئیتر سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، مرۆڤەکان دەتوانن ئەزمونی جیاواز لەیەکترەوە فێرببن، ئابووری وڵات گەشە دەکات و کەس ناچار نابێت لە پێناو پاراستنی ئایین و سەر و ماڵیدا وڵات جێبھێڵێت. ئیتر پێکەوەژیانی ئایینی دێتە ئاراوە کە گرەنتی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات بۆ هەمیشە، لەهەمان کاتدا مرڤەکان بەئازادی ئایینداری خۆیان دەکەن. کێ بتوانێت بەجوانترین شێوە ئایینەکەی خۆی نیشانی ئەوانی دیکە بدات زیاتر لەدەوری کۆدەبنەوە.
کەواتە لێبوردەیی ئایینی هونەری پێکەوەژیانە، ئامڕازی ڕێکخستنی گفتوگۆی نێوان مرۆڤە جیاوازەکانە. کە ئەنجامەکەی رێزگرتنە لەمرۆڤ تەنها لەبەر ئەوەی مرۆڤە. ئیتر لێپرسینەوەی بیروباوەڕ و سەرزەنشتی دەسپێرین بەخودای هەموان (رب العالمین) لە رۆژی دواییدا (إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالصَّابِئِينَ وَالنَّصَارَى وَالْمَجُوسَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا إِنَّ اللَّهَ يَفْصِلُ بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) الحج: ١٧. واتە ” بەڕاستی ئەوانەی ئیمان و باوەڕیان هێناوه و ئەوانەش که بوونەته جوو، لەگەڵ صابئەکاندا که فریشته پەرست؛ یان ئەستێره پەرستن و گاورەکان و ئاگرپەرستەکان و ئەوانەی که هاوەڵیان (بۆ خوا) بڕیارداوە، بێگومان خوای گەوره له ڕۆژی قیامەتدا جیایان دەکاتەوه لەیەکترو بڕیاری خۆی دەدات لەسەریان، بەڕاستی خوا شایەته بەسەر هەموو شتێکەوە.”








سەرنجێک بەجێبهێڵە