( نیودیمیەم Nd، دسپروسیەم Dy، پراسودیمیەم Pr ) ٣ دانە لە دەگمەنەکانی نێو ١٥ کانزاکانی وەک (سلیکۆن، لیتێم، گرافایت، کۆبەڵت، مس، پۆتاسێوم، فۆسفات، مەنگەنیس، نیکڵ، بۆرۆن، کالسێوم، مەنگسێوم، زنک، ئاسن) کە لە نێو زەوی دا هەن و لە زۆربەی پیشەسازییەکانی کەمپیوتەر، مۆبایل، ژیری دەستکرد، ئۆتۆمۆبیل، وزەی خاوێن و چەک و بواری سەربازی وەک ڕۆح و بگرە بەنرختر مامەڵەیان لە گەڵدا ئەکرێت. پشکی شێر لە بەرهەمهێنانی ئەم کانزا دەگمەن و بەنرخانە لە ژێر هەژمونی وڵاتی (چین)دایە.
جا ئەم زانستە بەنرخە بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی لە بەشی جیولۆجی (زەویناسی)دا ئەبینێتەوە کە بۆ چەندین دەیەیە لە وڵاتی ئێمەدا پەراوێز خراوە و وەک بەشێکی نەفرین تەماشا کراوە. ئەو میللەتانەی نرخی خاک و نرخی سروشتیان لانەبووە سەرئەنجام یا ئەبێت لە جیاتی نان و ئاو شیعر بخۆن و پەخشان بخۆنەوە یاخود خۆیشیان بە هەمان چارەنوسی بێنرخکردنی زەویدا بڕۆنەوە!
جوتیار بە سروشت و بە کردەوە خاکناسە، لە گەڵ ئەوەشدا کە توانای بە سەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوادا نیە بەڵام هێشتا بە بێ بوونی هەر زانست و تەکنەلۆژیایەکیش پەیوەستبون و ئاشنایەتیی و تواناى کۆنتڕۆڵکردنی بە سەر خاکەکەیدا هەر هەیە. بۆیە لە ئێستادا زۆر جێگای نەنگیە کە جوتیار و کار و شوێنی جوتیار هاوشێوەی ئەنفال بە ئامانجگیراون.
ئێمەش نەک هەر زەویناسمان دروست نەکرد بەڵکو لە ڕێگای فەرامۆشکردنی گوندەکانەوە و وەک تەواوکارییەک بۆ ئەنفال، خاکناسە سروشتییەکانیشمان نەهێشت. ئەشێ کاریگەری لە ناوبردنی خاکناس (جوتیار) لە کاریگەری چەکەکانی دوژمن ترسناکتر بێت.
ڕوونکردنەوەی پێویست لە پەراوێزی ئەم نووسینەدا:
خاکناسی Pedology: لێکۆڵینەوە لە توێژاڵی بەگڵبووی زەوی ئەکاتەوە. ئەو بەشەی زەوی کە بەبێ بونی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ هەزاران ساڵ چەندین شارستانییەتی پێبەڕێ کراوە.
زەویناسی Geology: ئەو زانستەیە کە لێکۆڵینە لە هەموو پێکهاتە و چینەکانی زەوی ئەکاتەوە.
کانزاناسیMineralogy: بەشێکی بنەڕەتییە لە زانستی زەویناسی.







سەرنجێک بەجێبهێڵە