دڵەڕاوکێ بەشێکی ئاسایی و دانەبڕاوی ژیانی مرۆڤە و لە هەندێک بارودۆخدا دەکرێت سوودبەخش بێت. دڵەڕاوکێی کورتخایەن یان کتوپڕ ڕۆڵێکی ڕاهێنەریی دەگێڕێت لە ڕێگەی ئامادەکردنی جەستە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر بۆ بارودۆخ یان هەڕەشە لەناکاوەکان. ئەم وەڵامدانەوەیە ئاستی وریایی، تەرکیز و ئامادەیی جەستەیی بەرز دەکاتەوە، کە ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەختەکاندا بکەن. بەڵام، کاتێک دڵەڕاوکێ دەبێتە شتێکی درێژخایەن و بەردەوام، دەکرێت کاریگەری زیانبەخشی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی هەبێت.
لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، دڵەڕاوکێ دەکرێت وەک وەڵامدانەوەیەکی سروشتیی جەستە پێناسە بکرێت بۆ هەر کاردانەوەیەکی جەستەیی، سۆزداری، یان دەروونی. دڵەڕاوکێ گوزارشت لەو شێوازە دەکات کە جەستە خۆی پێ ئامادە دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بارودۆخانەی کە بە گرنگ، سەرکێشی یان مەترسیدار دادەنرێن. ئەم وەڵامدانەوەیە لە ڕێگەی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێسەوە ڕوودەدات، کە سەرەکیترینیان ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵن. لە کاتێکدا ئەم هۆرمۆنانە بۆ خۆگونجاندنی کورتخایەن زۆر پێویستن، بەڵام بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی کۆرتیزۆڵ دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر چەندین سیستەمی جەستە هەبێت.
مانەوەی بەردەوام لە ژێر کاریگەری ئاستی بەرزی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵدا، کاریگەری دیاری لەسەر مێشک دەبێت، لەوانە لاوازبوونی یادەوەری و تەرکیز، تێکچوونی شێوازەکانی خەو، زیادبوونی قەلەقی و ئەگەرێکی زیاتری تووشبوون بە خەمۆکی. هەروەها کۆئەندامی سووڕی خوێنیش کاریگەر دەبێت، چونکە سترێسی درێژخایەن دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن، بەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
سترێس دەکرێت کاریگەری خراپی لەسەر کۆئەندامی هەرس هەبێت بە هۆی نیشانەکانی نەخۆشی کۆڵۆن (IBS)، کە دەبێتە هۆی گرژبوونی سک، ئازار، قەبزی و سکچوون. هەروەها لەوانەیە کۆئەندامی بەرگری لاواز بکات، کە ئەنجامەکەی زیادبوونی ئەگەری تووشبوونە بە هەوکردنەکان. جگە لەوەش، سترێسی درێژخایەن هاوسەنگی هۆرمۆنەکان تێکدەدات، کە دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی کێش، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی، ماندوێتی بەردەوام، تێکچوونی سووڕی مانگانە و پیریی پێشوەختە.
بۆ کەمکردنەوەی ئەم زیانە تەندروستییانە، زۆر گرنگە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنتڕۆڵی سترێس بکرێت. دەکرێت سەرچاوەکانی دڵەڕاوکێ دیاریی بکرێن و کەمبکرێنەوە ، ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی بەردەوام، گرنگیدان بە ئارامی دەروونی، پاراستنی شێوازێکی تەندروستی خەو، کەمکردنەوەی خواردنی خێرا، خەریکبوون بە خووە سوودبەخشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان.








Lasă un răspuns