لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە، نەوەی Z (لەدایکبووانی ١٩٩٧-٢٠١٢) وەک یەکەمین نەوەی “ڕەسەنی دیجیتاڵ” (Digital Natives) دەناسرێن؛ نەوەیەک کە جیهانبینییان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی تەکنەلۆژیای زیرەکدا چەکەرەی کردووە. تایبەتمەندیی هەرە دیاری ئەم نەوەیە بریتییە لە گواستنەوەی کەرەستە کولتوورییە دیجیتاڵییەکان بۆ ناو کایەی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ بە جۆرێک کە سیمبوڵی فیلم و ئەنیمێیەکان وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گوزارشتکردن لە ناسنامەی خۆیان بەکاردەهێنن. سەربار، لەم ماوەیەدا ژێدەری هەواڵێکی سەرنجڕاکێشم بەرچاوکەوت، کۆمپانیا گەورەکانی بواری خواردنەوە کحولییەکان لە جیهاندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بوونەتەوە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٣٠ ملیار دۆلار لە بەهای پشکەکانیان لەدەستداوە، چونکە شێوازی خواردنەوەی خەڵک بە تەواوی گۆڕاوە بە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو. وێڕای باسە، پاشلەرزەکانی ئەم قەیرانە زیانێکی دارایی قورسی بە کۆمپانیا گەورەکانی وەک (Diageo, Pernod Ricard, Rémy Cointreau) و (Brown-Forman) ی خاوەن براندی (Jack Daniel) گەیاندووە، تەنانەت کۆمپانیای (Kweichow Moutai) ی چینی و براندی (Corona) کە گەورە سەرمایەداری جیهانی (وارن بافێت) وەبەرهێنانی تێدا کردوە، دووچاری پاشەکشەی گەورە بوون لەناو بازاڕە داراییەکاندا.
هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییەش بۆ “نەوەی Z” دەگەڕێتەوە؛ ئەم نەوە نوێیە هۆشیارییەکی زۆر بەرزیان بەرامبەر تەندروستییان هەیە و کەمتر مەیلیان بۆ کحول هەیە، ئەوان زیاتر گرنگی بە وەرزش و خواردنەوە بێ کحولەکان دەدەن و کحول وەک مەترسییەک بۆ سەر جەستە و مێشکیان دەبینن. ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی دارایی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە نەوەی نوێ دەیانەوێت ژیانێکی تەندروستتر بژین و ئەمەش وای کردووە پیشەسازی کحول لە جیهاندا ناچار بێت بە تەواوی ستراتیژی خۆی بگۆڕێت. هەروەتر، ئەم نەوەیە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە کورتخایەن و خێراکانی وەک تیکتۆک و ئینستاگرام و ئێکس، پەیامە کورت و کاریگەرەکانیان دەگەیەنن. لە ئەزموونی کوردیشدا، نەوەی Z توانییان ئەم ئامرازە تەکنەلۆژیانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ گەیاندنی دەنگی نەتەوەیی و پاراستنی بەها نیشتمانییەکان بەکاربهێنن. ئەوان بە پێچەوانەی نەوەکانی پێش خۆیان، بە زمانی سەردەم و لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە پاڵپشتی یەکتری دەکەن بۆ گۆڕانکاری و گەیاندنی ڕاستییەکان بە جیهانی دەرەوە. جێگەی دەستخۆشییە کە دەبینین ئەم نەوەیە لەسەر ئاستی جیهانی خاوەن هۆشیاریی تەندروستین، و لای خۆشمان لەم ماوەیەی دواییدا سەلماندیان کە نەوەیەکی زۆر بەئاگان و باشترین هەڵوێستی جوانیان بۆ کوردایەتی و پاڵپشتی لە کوردانی ڕۆژئاوا نیشاندا لەبەرامبەر ئەو هێزە کۆنەپارێز و توندئاژۆییانەی کە دەیانەوێت چاندی کوردی بنکۆڵبکەن لە ناوچەکەدا.








Lasă un răspuns