L'éducation : une histoire de lumière dans l'obscurité

 لەناو هەموو کایە گرنگەکانی ژیاندا، ئەوە پەروەردەیە کە دەتوانێت مرۆڤ لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی ببات. پەروەردە تەنها فێربوون و نوسین نییە، بەڵکو چیرۆکێکە لە گەشەپێدان، هیوابەخشین و گۆڕان. هەر خوێندکارێک چیرۆکێکی تایبەتی هەیە، پەروەردە ئەو دەنگەیە کە ئەو چیرۆکە دەکات بە شتێکی مانادار.

   لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر جار قوتابییان تەنها بە پێی نمرە و تاقیکردنەوەکان هەڵدەسەنگێندرێن. بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە کە قوتابی چۆن بیر دەکاتەوە، خەون بە چییەوە دەبینێت و چۆن دەتوانێت داهاتووی خۆی بنیات بنێت. پەروەردە دەبێت هانی مرۆڤ بدات بۆ ئەوەی نەترسێت، پرسیار بکات و ڕاستی بدۆزێتەوە نەک تەنها وەڵامەکان لەبەربکات.

  لەم ڕێگایەشدا مامۆستا تەنها فێرکار نییە، بەڵکو ڕێنیشاندەر و سەرچاوەی هیوایە. وشەیەکی باش، ڕەفتارێکی دڵسۆزانە یاخود هاندانێکی بچوک دەتوانێت ژیانی خوێندکارێک بگۆڕێت. هەندێک جار خوێندکارێک کە کەس متمانەی پێناکات، تەنها پێویستی بە کەسێکە کە پێی بڵێت ” تۆ دەتوانیت ” چونکە هەر ئەو وشانەن کە دەبن بە بنەمای سەرکەوتن.

 پەروەردە تەنها لە ئەستۆی قوتابخانەدا نییە، بەڵکو خێزان، کۆمەڵگە و هەمووان بەشدارن لە دروستکردنی نەوەیەکی باشتر و بەرهەمدارتر. کاتێک ئێمە کەسێک هاندەدەین بۆ فێربوون، بە تەنها کەسێک ناگۆڕین، بەڵکو داهاتووی تەواوی کۆمەڵگە دەگۆرین.

  لەکۆتایدا  ئێمە پێویستمان بە پەروەردەیەک هەیە کە دڵ و مێشک تیایدا گەشەبکات و مرۆڤەکان فێربکات چۆن بەها بدەن بە یەکدی، چۆن بە ئاشتی بژین، چۆن بەرپرسیار بن بەرامبەر خاک و ئەو دونیایەی کە تیایدا دەژین. پەروەردەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤێکی لە خۆی باشتر بەرهەم بهێنێت، نەک تەنها پلەیەکی بەرزتر بەدەست بهێنێت.

خوێندکاری بەشی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی-سلێمانی