Cine sunt personalitățile toxice și cum le recunoaștem?

ئەم ناونیشانەی سەرەوە سەرنجی راكێشایت، وانیە؟! راستەوخۆ دەتەوێت بپرسیت كەسایەتییە ژەهراوییەكان كێن و لە كوێ بوونیان هەیە؟
لێرەدا باس لەو كەسایەتییانە ناكەم، كە بەهۆی خۆراكەوە ژەهراوی دەبن، هەروەها باسی ئەو ژەهرەش ناكەم، كە لە پەروەردەی كلاسیكدا دایکان لە تووڕەبوون و هەڵچوونیاندا بە منداڵەكانیان دەگوت ئەی (ژەهری مار)، بەڵكو باسی دیاردەیەكی دەروونی دەكەم، كە لە دەروونناسیدا پێیدەگوترێ‌ (كەسایەتییە ژەهراوییەكان)، ئەم جۆرە لە كەسایەتی لەگەڵ بوونی مرۆڤدا بوونیان هەبووە، بەڵام ناولێنانەكەی نوێیە و شارەزایانی بواری دەروونناسی و كۆمەڵناسی لە ساڵی (1995)ەوە بەم ناوەوە پۆلێنیان كردوون.
لەڕاستیدا كەسایەتی ژەهراوی زۆر مەترسیدارترە لەو كەسەی بە کردارەکی و بەهۆیەك لە هۆیەكان جەستەی ژەهراوی دەبێت، چونكە ئەوەی جەستەی ژەهراوی دەبێت تەنیا زیان بەخۆی دەگات و ئەگەریشی هەیە ژەهراویبوونەكە بەرەو مەرگی ببات، بەڵام كەسایەتی ژەهراوی تەواو بابەتێكی ترەو دەشێ‌ كەسەكە سەد هێندەی خۆی، زیان بەكەسەكانی دەوروبەری بگەیەنێ‌ بەجۆرێك هێز و توانا  و وزەی دەورووبەرەكانیان دادەماڵن و كوردەواری وتەنی بەدیق و سیلەوە دەیانكوژن.

بابزانین كەسایەتییە ژەهراوییەكان لە كوێن؟!
بەرلەوەی باس لە ناوەڕۆكی كەسایەتی ژەهراوی بكەین باشترە بپرسین ئەوان كێن و لە كوێن؟ ئایا بەركەوتنی رۆژانەمان لەگەڵیاندا هەیە؟ لەڕاستیدا وەڵامەكە ئەوەیە، كە دەورووبەرمان لێوان لێوە لە جۆرە جیاوازەكانی كەسایەتی بە نموونە كەسایەتی نێرگزی (نەرجسی)، كەسایەتی خۆپەرست (ئەنانی) كەسایەتی لەخۆبایی (مغرور) و زۆر جۆریتر، لە ناویشیانداو لە هەموویان مەترسیدارتر كەسایەتییە ژەهراوییەكانن، ئەم تایپە لەبەرئەوەی تا رادەیەكی زۆر لەناو كەسایەتییەكی ئاساییدا خۆیان حەشاردەدەن، هەربۆیە بەئاسانی ناناسرێنەوە.
لەراستیدا جۆرەکانیتر دەكرێ‌ لە خۆیان زیاتر و تاڕادەیەك زیانیان بۆ دەوروبەر هەبێت، بەڵام خاڵی ئەرێنی لەم جۆرەدا ئەوەیە، کە هەر زوو پێناسەی خۆیان دەکەن و دەناسرێنەوە هەربۆیە دەتوانرێت بە رێگایەک لە رێگاکان خۆپارێزییان لێبکرێت.
لەبەرانبەردا كەسایەتی ژەهراوی بەداخەوە دەتوانین بڵێین كۆكراوەی هەموو كەسایەتییە جۆربەجۆرە خراپەكانە،یان کەسایەتییان کۆکراوەی ژمارەیەك لە ئاکاری کەسایەتییە خراپەکانە، کە دەرونناسان یان شارەزایانی ئەو بوارە تا نزیكەی (18) ڕەفتاری خراپ دەژمێرن، كە دەكرێ‌ لە كەسایەتییەكی ژەهراویدا هەبێ،. هاوكات كاتێكیش لە ژینگەیەكدا لەگەڵیان دەژیت، هەروەك ئەو گورگەی لەپێستی مەڕدایە، ناتوانی بەئاسانی هەستیان پێبكەیت، هەربۆیە دوای چەندساڵێك و دەركەوتنی لێکەوتەکانی لەسەر كەسی بەرانبەر، ئەوكات بەئاگا دێیتەوە لەوانەیە کار لەکار ترازابێت، چونکە ژیان لە ژینگەیەکدا بۆ ماوەوی درێژ خایەن لەنزیک ئەم کەسایەتییانە، بەرانبەر دووچاری جۆرەها خەم و مەینەتی و مەراق دەکات، لەوەش خراپتر لەوانەیە بەرانبەر بەبێ ئاگایی خۆی ئالودەی ئاکارە نەرێنییەکانی بکات بەو هۆیەی ئەم جۆرە كەسایەتییە، هەروەك لەپێشتردا ئاماژەم پێكرد زیاتر لە خۆیان زیانیان بۆ دەوروبەر هەیە.
گومانی تێدا نییە لەوانەیە‌ ئەو كەسە دایكت یان باوکت بێت، هاوژینەكەت یان نزیكترین هاورێ‌ یان دراوسێ‌ ئازیزەكەت، یان هاوكارە دڵسۆز و خەمخۆرەكەت بێت، بەڵام تۆ نەتزانیبێت،
کە ئەمەش هەر بەهۆی ئەم كەسایەتییە شاردراوەیەیانەوەیە، كە كاتێ‌ لە ماڵێكدا یان لە فەرمانگەیەكدا لەگەڵت دەبن، ماندووت دەكەن و لە توانا و وزە داتدەماڵن، خوێنت دەمژن جەستە و دەماغت شەكەت و مافەكانت زەوتدەكەن و تروسكایی لە ژیانتدا ناهێڵن واتلێدەكەن مەرگی خۆت بە ئاوات بخوازیت، چونكە دەزانیت كە ئەو كەسێكی بێزاركەر و خۆپەرستە، بەڵام نازانیت كە لەڕاستیدا نەخۆشە و خاوەن كەسایەتی ژەهراوییە.
ئەوجا ئێستا جێی خۆیەتی بیرێکی خێرا بکەیتەوەو بزانیت ئایا كەسایەتییەكی ژەهراوی لە ماڵی خۆت، لە ماڵی باوكت یان ماڵی خەزورت لەگەڵت ناژی؟ لە فەرمانگەكەت، لە گەڕەكەت هەیە، ئایا کەسایەتییەکی ژەهراوی نزیكترین هاوڕێ و هاوپیشەت نییە؟!

با بزانین ئەوان كێن و چۆن بیانناسین؟!
سەرچاوە جۆربەجۆرەكان بە ژمارەی جیاواز باس لە بوونی كەسایەتی ژەهراوی دەكەن لە دەوروبەرمان و بەمجۆرەش كەسایەتییان پولێن دەكەن:

  • خۆی بە قوربانی پیشاندەدات و هەموو هەڵەكانی ژیان دەخاتە ملی ئەوانیتر و لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی بڕوا پێهێنانی بۆ ئەم ئاکارەی بە هێزە.
  • هەمیشە دڵەڕاوكێ بۆ كەسانی دەوروبەری دروست دەكات و ناهێڵێ‌ هەرگیزشادبن.
  • خۆپەرستەو هەمیشە پێداویستی خۆی دەخاتە پێش هەموان و كە پێویستیشت پێی بوو ونە.
  • لەگەڵ كەسانی لە خۆی كەمتر لە رووی زانستی و مادی و تواناییەوە زۆر توندوتیژە، بەڵام لەبەرانبەر كەسانی بەرپرس و ناسراو داماو ‌و بێ ئەرزشە.
  • هێندە دیپلۆماسییە كاتێ‌ بەخۆت دەزانی وەك بووكەڵەیەكی بەدەستییەوە.
  • هەمیشە خۆی بە خەمبار و غەدرلێكراو پیشاندەدات.
  • هەمیشە رەخنە دەگرێ‌ و ئامۆژگاری ئەوانیتر دەكات.
  • گومان لە هەموو كەسێك و لە هەمووشتێك دەكات.
  • خۆی بەڕاست دەزانێ‌ و واتلێدەكات بڕوا بەبیروبۆچوونەكانی بهێنی، راستییەكان دەشارێتەوە و گەر پێویست بكات درۆش دەكات.
  • هەمیشە گلەیی دەكات و زیاتر قسە دەكات و گوێ‌ ناگرێ‌.
  • بێبەزەییە و بە بەردەوامی زەمی كەسانیتردەكات.
    ئێستا تۆش لە خۆت بپرسە ئایا كەسێكی لەم جۆرە لە دەوروبەرت هەیە؟ ئەگەر وایە كەواتە لەمبارەیەوە زۆرتر بخوێنەرەوە تا بزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ كەسایەتی ژەهراوی دەكەیت، ئەگەرنا ژیان تێدەپەڕێ‌ و بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت تۆش دەبیتە كەسێكی ژەهراویتر و ژینگەیەكیتر بەخۆتەوە وێران دەكەیت.

ماردین عبدالکریم نوسەرو رۆژنامەنووس خاوەنی دبلوم و دەرچووی یەکەمین وەجبەی پەیمانگای تەکنیکی - بەشی رۆژنامەنووسی خاوەنی بروانامەی بەکالوریس لە زانستی کومپیوتەر لە زانکۆی سلێمانی. خاوەنی ئەزموونی سی ساڵ کارکردن لە بواری راگەیاندن، بەرێوەبەری پێشوی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، ئەندامی کارای یەکێتی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەندامی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، بەرێوەبەری رێکخراوی نەمام بۆ داکۆکی لە مافی مێردمنداڵان.